background

فایل و فایل سیستەم چین ؟

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 2258  بەروار : ئازار 22, 2018
file, file system, file systems, system, فایل سیستەم
QR Code For:  فایل و فایل سیستەم چین ؟

لەم بابەتەدا ئاماژە بە بیرۆکەو چەمکێکی دیکە دەکەین ئەویش بریتیە لە file systems ئایە فایل سیستەم چیە و سودی چیە و جۆرەکانی چین.

بەوە دەسپێدەکەین کە فایل(پەرگە) چیە و دوای ئەوە ھەڵدەستین باسی جۆرەکانی فایل سیستەم دەکەین

پەرگە یان فایل

ئێمە گەر باسی ھەر سیستەمێکی کۆمپیتەری بکەین بێگومان کۆمەڵێک زانیاری تێدایە کە دەیانھێنێت و دەیانبات و دەسکاری ناوەرۆکەکانیان دەکات بۆ ئەوەی زانیاری لە شێوەیەکەوە بگۆرێت بۆ شێوەیەکی دیکە بە شێوازێک زانیاریە نوێیەکە مانای ھەبێت و زیاتر لە سروشتی کێشەیەک رونبکاتەوە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەم زانیاریانە لەناو پەرگەکان ھەڵدەگیرێن ھەر پەرگەیەکیش پاشگری خۆی ھەیە کە زانیاریەکانی ناوی پێناسە دەکات کە چۆن کاریان لەگەڵ بکرێت دروست کردنی پەرگەکان و رێکخستنیان و ھێشتنەوەیان لەناو بیرگەی کۆمپیتەرەکانمان کاری فایل سیستەمە.

فایل سیستەم

لەوانەیە لەگەڵ باسکردنی پەرگەکان درکت بەوە کردبێت کە ھەر سیستەمێک وەگەرخەر بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ زانیاریەکان دەکات بۆیە فایل سیستەمی جیاواز ھەن بەڵام ھەموویان لەوەدا ھاوبەشن کە کاری سەرەکیان رێکخستنی پەرگەکان و پێنەساکانیان و ھەڵگرتنیان لەناو بیرگەی کۆمپیتەرەکانمان(ھارد دیسک) ئەمە مانایەکە بۆ فایل سیستەم مانایەکەی دیکە ئەوەیە کە چۆن پەرگەکان و فۆڵدەرەکانی ناو سیستەمێکی وەگەرخەر دارێژراون بۆ ئەوەی ئێمە لە کاری سیستەمەکە تێبگەین و بتوانین کاریان لەگەڵ بکەین پرسیارێکی سادە ئەوەیە باشە سیستەمی وەگەرخەر خۆی لە کۆمەڵێک پەرگە پێکھاتووە ئەم پەرگانە چۆن ھەڵگیراون؟ وەڵامەکەشی ئەوەیە کە لە سەرەتای دەسپێکی ھارددیسکەکەمان ھەڵدەگیرێن و لەوێوە ھەموو شتێک دەسپێدەکات نموونەیەکی سادە لە فایل سیستەمی لینکس

نموونە  

نموونەیەک بدەین لەسەر چۆنیەتی کارکردنی فایل سیستەم وا دابنێ کە فۆڵدەرێکت دروست کرد لەناو فۆڵدەرەکەدا فایلێکت دروست کرد لە ژێرەوە سیستەمی وەگەرخەر کردارەکانی فایل سیستەم بانگ دەکات بۆ دروست کردنی فۆڵدەرێکی نوێ کە ھەڵدەستێت بە دروستکردنی کەمێک زانیاری لەناو بیرگەی کۆمپیتەرەکەمان کە ئەو زانیاریانە بریتین لە کاتی دروست کردن و پێرمیشنەکان(توانای پێگەیشتن و دەسکاری کردن ) و لە لایەن چ بەکارھێنەرێکەوە دروست کراوە کاتێک فایلەکە دروست دەکەیت لەناو فۆڵدەرەکە کۆمەڵێک زانیاری دیکە دروست دەبن و فۆڵدەرەکەمان نوێ دەبێتەوە و زانیاری خۆی زیاد دەکات کەوا فایلێک زیاد کراوە زانیاریە نوێکان ھەڵدەگرێت، ھەر کاتێک ئێمە زانیاری دەربارەی زانیاریەکان ھەڵدەگرین بەو زانیاریانە دەگوترێت مێتا داتا (meta data ) نموونەیەکی زیندوو لە مێتا داتا

پێکھاتەکانی فایل سیستەم

1- رێکخستنی شوێن Space Management: فایل سیستەم بەرپرسە لە رێکخستنی شوێنەکان لەناو بیرگەی کۆمپیتەرەکانمان و ئاگاداری ئەوە بێت کە شوێنەکان بە باشترین شێوە بھێڵێتەوە

2-  ناوی پەرگەکان Filenames: فایل سیستەم ناوی پەرگەکان بەکار دەھێنێت بۆ ناسینەوە و دیاری کردنی شوێنی کۆمەڵێک زانیاری کە پەرگەکە پێناسە دەکەن و ئەوە دیاری دەکەن کە پەرگەیەک دەبێت ناوەکەی چۆن بێت و چەند پیت زیاتر نەبێت و چی تێدابێت.

3- دایرێکتریەکان(فۆڵدەرەکان): فایل سیستەم فۆلدەرەکان بەکار دەھێنێت بۆ گروپ کردنی زانیاریەکانی کۆمەڵێک پەرگە بەیەکەوە

4- مێتا داتا: کۆمەڵێک زانیاری کە وەک باسمان کرد دەربارەی زانیاریەکانی بەکارھێنەر

5-رێکخستن و بەرێوەبردنی پێرمیشنی پەرگەکان و فۆڵدەرەکان

6- فایل سیستەم دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت کە زانیاریەکان تێکنەچن و تەکنیکی چاککردنەوەی زانیاریەکان بەکار بھێنێت

جیاوازی نێوان فایل سیستەمەکان 

جۆرەھا فایل سیستەم دروست کراون بە درێژایی مێژوی کۆمپیتەر  ھەریەکەیان تایبەتمەندی خۆیان ھەیە بۆ نموونە ھەندێکیان خێران لە ھەڵگرتن و ھێنانەوەی پەرگەکان بەڵام کێشەی ئەوەیان ھەیە کە لەوانەیە ئەگەر زانیاری زۆر بێت خاو ببێتەوە یان نەتوانێت بە جوانی مامەڵەیان لەگەڵ بکات لە ھەمان کاتدا ھەندێکی دیکە ھەن کە تایبەت بەوەن کە کار لەگەڵ زانیاری زۆر گەورەدا بکەن ھەندێک نموونە لە فایل سیستەمەکان

جۆرەکانی فایل سیستەم 

1- disc file systems: ئەم جۆرە فایل سیستەمە بۆ ئەوە دیزاین کراوە کە پەرگەکان بە شێوەیەکی ھەمیشەیی ھەڵبگرێت لەسەر ھاردیسکەکان و بەربڵاوترینیان ھاردیسکی موگناتیسیە HDD وێنەیەک کە شێوازە فیزیایەکەی ھارددیسکێک نیشاندەدات

2- tape file systems: ئەو جۆرە فایل سیستەمانەن کە لەسەر شریتی موگناتیسی کاردەکەن وەک کاسێتی کۆن ? بەڵام کاسێت نیە کاسێت زۆر سادەترە.

3- flash file systems: ئەم جۆرە فایل سیستەمانەن کە بۆ ئەوە کراون لەسەر بیرگە فلاشیەکان کاربکەن ئەو جۆرە بیرگانە زۆربەی کات non volatile memory ین واتە پێویستیان بە کارەبای بەردەوام نیە بۆ ھێشتنەوەی زانیاریەکان زۆربەی کات ئەم فایل سیستەمانە API ێان ھەیە و لەوانەیە لەناو ھاردوێری(رەقەکاڵا) ی فلاشەکە ھەڵگیرابێت واتە Embed کرابێت.

4- database file systems: بریتیە لە فایل سیستەمێک لە داندەنرێت لەسەر ئەو پەرگانەی کە لە بنکەدراوەیەک ھەڵگیراون

5- network file systems: یان NFS یشی پێ دەڵێن تەکنەلۆجیایەکە لە لایەن کۆمپانیای Sun Microsystems دروستکراوە نزیکە لە فایل سیستەمی کۆمپیتەرەکەمان کە لۆکاڵە(تایبەتیە و لەسەر کۆمپیتەرەکەمانە) بەڵام ئەوەیان شتێکی ھاوشێوە دەخاتە بەردەست بۆ کۆمپیتەرەکانی سەر نێتوۆرکێک

6- shared disk file system : ئەم جۆرە فایل سیستەمە تایبەتمەندی ئەوە دەخاتە بەردەست کە کۆمەڵێک کۆمپیتەر لە ھەمان کاتدا بگەن بە بڵۆکێکی ناو ھارددیسک و وادەکات کە پەرگەیەک تێکنەچێت کاتێک کۆمەڵێک کۆمپیتەر دەسکاری ھەمان پەرگە دەکەن

7- minimal file systems: پێشی دەگوترێک فایل سیستەمی کاسێتی دەنگی رێک ئەو کاسێتە کۆنانەی پێشتر گۆرانی و دەنگی لەسەر ھەڵدەگیرا ئەم فایل سیستەمە تایبەتە بەوە و زۆربەی کات تێچوونی زۆر کەم بووە و ئاسان و سادە بووە بۆ بەکارھێنان.

8- flat file systems: فلات فایل سیستەم سیستەمێکی کۆنە لە Windows 95 و سیستەمە وەگەرخەرە کۆنترەکان بەکار ھاتووە بە کورتی و بە نموونەیەک ئەگەر پەرگەیەک ھەبوایە ناوی پەرگەی یەکەم بوایە ئەوا نەدەکرا ئەو ناوە لەناو سیستەمەکەت دوبارە ببێتەوە لە ھیچ شوێنێک چوونکە ئەو ناوە گیراوە نمونەیەکی دیار فلۆپی دیسکە کە بە ھەمان شێوە کاری دەکرد ئەوە لە کاتێکدا ئێستاکە سیستەمە وەگەرخەرەکان شتێک بەکار دەھێنن پێی دەگوترێت  hierarchical file system کە زانیاریەکان لەناو فۆرڵدەرەکاندا ھەڵدەگیرێت لە شێوەی Tree.

کۆتایی

ئەمەشیان باسێکی دیکە  کە بە کورتی باسی فایل سیستەمان کرد بە ھەر رەخنەو پێشنێارێک خۆشھاڵ دەبین ئەمەش سەرچاوەی ئەو بابەتانەی کە سوودمان لێیان وەرگرتووە بۆ نوسینی ئەم بابەتە

File System

Understanding Linux File System

File System Abstractions

What is Flat File System

Introduction to database file systems

File System Structure 

ئارام

ژمارەی بابەتەکان: 77

ئەندازیاری پرۆگرامسازی لە هەندێک کۆمپانیای ناوخۆ و دەرەکی کاری پرۆگرامسازیم کردووە لەوانە ( Dwrandaz, Jiasaz, Lezzoo ,Avesta Group , Lucid ,GIGANT, eDRV) هەروەها هاودەمەزرێنەری کۆمپانیای Hesta ی پرۆگرامسازیم حەز بە دروستکردنی سیستەم و وێب ئەپلیکەیشن دەکەم.