background

Software Piracy چییە؟

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 1161  بەروار : تشرینی یه‌كه‌م 12, 2016
crack, Cracker, hack, keygin, Piracy, Reverse Engineering, scurity, Software Piracy
QR Code For:  Software Piracy چییە؟

سۆفتوێر پایرەسی واتە بەکارهێنان، بڵاوکردنەوە، بەکرێدان یانیش فرۆشتنی نایاسایی نەرمەکاڵا بەبێ ڕەزامەندی دروستکەرەکەی. بەپێی ڕاپۆرتێکی (The Business Software Alliance (BSA لە ٢٠١٢ نزیکەی ٪٥٧ی بەکارهێنارانی کۆمپیوتەر، نەرمەکاڵا بەشێوەی نایاسایی دادەبەزێنن.

هەموو ئەو بەرنامانەی کە ڕۆژانە بەکاریان دێنین بەرهەمی ڕەنج و ماندووبووینی چەندین کەسن. هەندێک نەرمەکاڵا “بەخۆڕایی” بڵاودەکرێنەوە و هەندێکی دیکەش بەپارە. کۆمپانیا و گروپەکانی دروستکردنی نەرمەکاڵاش داهاتی سەرەکییان لەسەر فرۆشتنی نەرمەکاڵاکانیانە. کاتێک کە لە وێبسایتی کۆمپیاکە نەرمەکاڵایەک دەکڕیت، کلیلێکت پێدەدرێت پێی دەگوترێ Serial Number کە تایبەتە بە تۆ و نادرێتە کەسی تر. هەر کەسێک کە نەرمەکاڵاکە بکڕێت، کلیلێکی بێهاوتا (Unique)ی دەدرێتێ و جیاوازە لە کلیلی کەسانی دیکە. وە بەشێوەیەکی ئاسایی تەنها ئەو کەسانە دەتوانن ئەو نەرمەکاڵایە بەکاربێنن کە کلیلێکی لەو شێوەیەیان هەبێت، واتە هەتا ئەگەر توانیشت نەرمەکاڵاکە دابەزێنی، هەرکە نەرمەکاڵاکەت کردەوە، داوای کلیلەکەت لێدەکات و بەوەش ئەگەر نەتکڕیبێت، ناتوانی بەکاریبهێنیت.

وە هەر نەرمەکاڵایەک یەکێک لەژێر یەکێک لە (مۆڵەتەکان) License بڵاودەکرێتەوە؛ کە بەڵگەنامەیەکی یاساییە مافەکانی بەکارهێنەر و بەرهەمهێنەر و مەرجەکانی بەکارهێنانی تێدا دیاری کراوە، هەتا ئەگەر نەرمەکاڵاکە بەخۆڕاییش بێت، مۆڵەتی خۆی هەیە. بۆیە زۆرجار کە بەرنامەیەک دادەمەزرێنیتە سەر کۆمپیوتەرەکەت، مۆڵەتەکەشت پێ نیشان دەدا و تاوەکو بە مەرجەکان ڕازی نەبیت، ناهێڵێت نەرمەکاڵاکە دامەزرێنیت.

چۆن نەرمەکاڵا کڕاک دەکرێت؟

بەڵام بیگومان وەک هەر شتێکی دیکە، کەسانێک هەن دەیانەوێ بەخۆڕایی نەرمەکاڵا بەدەست بهێنن. لەبەر ئەوەش کەسانێک هەن پێیان دەگوترێ کڕاکەر (Cracker) هەڵدەستن بە هەڵوەشاندنەوەی (Decompile) نەرمەکاڵاکە و دەستکاری ئەو کۆدانە دەکەن کە بەرپرسن لە داواکردن و وەرگرتن و پشکنینی کلیلەکە و لەکاریان دەخەن. بەوەش نەرمەکاڵاکە چیدیکە داوای کلیل ناکاو دەتوانن بە دڵی خۆیان کۆپی بکەن و بڵاویبکەنەوە. ڕێگایەکی دیکەش بەهۆی Reverse-Engineering ی ئەلگۆریتمی بەرهەمهێنانی کلیلەکانە، واتە هەوڵی ئەوە دەدەن بزانن ئەلگۆریتمەکە چۆن کلیلەکان بەرهەمدێنێت و دواتریش ئەلگۆریتمەکە درووستدەکەنەوە، بەوەش دەتوانن ژمارەیەکی بێکۆتای کلیل درووستبکەن، ئەلگۆریتمەکەش لەشێوەی بەرنامەیەکی بچووک بڵاودەکەنەوە. ئەم جۆرە بەرنامانە پێیان دەگوترێ (Keygen یان Key generator) واتە بەرهەمهێنەری کلیل. بەوەش هەموو کەس دەتوانێت کلیلێکی تایبەت بەخۆی بە بەدەستبخات بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک بداتە کۆمپانیای بەرهەمهێن.

کڕاکەرەکان چ سوودێک دەبینن لە بڵاوکردنەوەی کڕاکردنی نەرمەکاڵا و بڵاوکردنەوەیان بەخۆڕایی؟

هەڕچەندە هەندێکیان هۆکاری ئایدیۆلۆژیان هەیە و هەندێکی دیکەشیان لەوانەیە مەبەستیان لە یارمەتیدانی ئەوانی دیکەبێت، بەڵام زۆریشیان کۆدی کیناوی دەخەنە ناو نەرمەکاڵا کڕاکراوەکان و بەرنامەی Keygen ــەکەش، بەوەش نەرمەکاڵاکە بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکانیان بەکاردێنن. بۆیە بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی نەرمەکاڵاکە بە ڕێگای نایاسایی، بەکارهێنەر خۆی تووشی مەترسی هاککردن و دزرانی زانیاری دەکاتەوە.

خەڵکی بۆچی بەرنامە و یاری کڕاکراو بەکاردەهێنن لەبڕی ئەوەی بیانکڕن؟

بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی کە کراون چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەوەی خەڵک بیانەوێ نەرمەکاڵای کڕاککراو بەکاربهێنن، لەوانە:

  • نایانەوێ پارەبدەن: زۆر کەس دەیانەوێ هەمووشتیان بەخۆڕایی دەستکەوێت، وە نیازی ئەوەیان نییە پارەی بۆ بدەن.
  • بارودۆخی دارایی: زۆر لەوانەی ئەو کارە دەکەن گلەیی ئەوە دەکەن کە ناتوانن پارەی نەرمەکاڵاکان بدەن بەهۆی هەژاریی، یاخود لە هەندێک وڵات نەرمەکالاکە زۆر گران لەسەر بەکارهێنەران دەوەستێت.
  • تاقی کردنەوە: ئەوەیان زۆرتر بۆ یارییەکان باوە، زۆر کەس دەیەوێ پێش ئەوەی یارییەک بکڕێت، تاقیبکاتەوە، ئەگەر یارییەکەی پێخۆش بوو دواتر کۆپییەکی یاسایی دەکڕێت.
  • نەبوونی ڕێگایەکی ئاسان بۆ کڕینی نەرمەکاڵاکە: زۆر لە وڵاتان سیستەمی بانکییان لاوازە و کرێدیت کارد بەکارناهێنن، بۆیە کڕینە نەرمەکاڵا ئاسان نییە. یانیش زۆرجار هەندێک بەرنامە/یاری لە هەندێک وڵاتانی دونیا بەردەست نییە.
  • نەبوونی هۆشیاری: زۆر کەس نەرمەکاڵای کڕاکراو بەکاردێنێت بەبێ ئەوەی بزانێت کە دەبێ نەرمەکاڵاکە بکڕدرێ و هیچ زانیارییەکی لەسەر بابەتەکە نییە.

محمد یاسین

ژمارەی بابەتەکان: 21

قوتابی بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *