background

جیاوازی نێوان کۆدە کیناویەکان!

هاوپۆل: پاراستن  ژ.بابەت : 98  بەروار : نیسان 15, 2016
anti virus, code, malware, scurity, virus
QR Code For:  جیاوازی نێوان کۆدە کیناویەکان!

جیاوازی نێوان کۆدە کیناویەکان!

 

هەر لە سەرەتای پەیدابوونی کۆمپیوتەر هەتاوەکو ئێستا کە بە چەندین قۆناغی پێشکەوتندا ڕۆیشتووە بووەتە هۆی پەیدا بوونی ئەم کۆپیوتەرەی کە ئێستا کاری پێدەکەین و چەندین کاری ڕۆژانەمانی پێوە بەڕێوەدەبەین، بۆیە کۆمپیوتەر بوەتە هۆیەکی گرنگ لە ڕاپەڕاندنی کارەکانماندا و دەستێکی باڵای هەیە لە ڕێکخستنی ئیش و کارەکانمان، لەگەڵ ئەم هەموو پێشکەوتنانەشدا چەند گروپ و لایەنێک هەیە کە دەیەوێت ئەم پێشکەوتنە لە بەرژەوەندی خۆیدا بە شیوازێکی نا ئاسایی بەکاربهێنێت کە هەڵدەستن بە دروستکردن و خستنە بازاڕی چەندەها جۆر ئامڕاز و پرۆگرام کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە چەند کەسانێک لەبەرژەوەندی کەسێک یاخود گروپێک یاخود لایەنێک، ئەم جۆرە ئامڕاز و پرۆگرامانەش ناودەبرێن بە ( Malicious Code ) واتە کۆدی کیناوی.

 

کۆدی کیناوی  (Malicious Code) چیە؟

لەپێشدا وەکو هەموومان دەزانین کە هەر پرۆگرام و ئامڕازێکی ناو کۆمپیوتەر بە زمانێک دەنوسرێت کە بەجۆرێک کۆمپیوتەرەکە تێیدەگات ئەم نووسینانەش پێیان دەوترێ کۆد، بۆ نموونە بەرنامەکانی وەک فۆتۆشۆپ و ئۆتۆکاد و بەرنامەکانی ئۆفیس ئەمانە گشتی لەڕێگەی زمانی پرۆگرامسازیەوە نوسراون کە پڕیانە لە کۆد و ئەم کۆدانە دەبنە (Machine Code) واتە ئەو کۆدەی کە کۆمپیوتەرەکە لێی تێدەگات و دەتوانێت ئەو کارانە بەڕێوەببات کە پێی دەسپێرین، بەڵام جیاواز لەو پرۆگرامانە چەند پرۆگرامێکی ترمان هەن کە دەنوسرێنەوە بە هەمان شێوە بەڵام بۆ مەبەستێکی تر نەک سود گەیاندن.
کۆدی قیناوی زاراوەیەکە بەکاردێت بۆ پارچە کۆدێک کە لە سیستمێکدا یاخود پرۆگرامێکدا هەیە کە هەڵدەستێت بە ئەنجام دانی کارێکی ناپێویست ( دوور لە ئاگاداری و دەسەڵاتی بەکارهێنەر )، وە دروستکردنی کێشەی ئەمنی، یاخود زیان گەیاندن بە سیستمی بەکارخەر و پارچەکانی کۆمپیوتەر، وە بەرنامەکانی دژە ڤایرۆسەکان زۆر جار سەرکەوتوو نابن لە دۆزینەوە و چارەسەرکردنی ئەم جۆرە کۆدانەدا.

 

جۆرەکانی کۆدی کیناوی

چەندین جۆری کۆدی کیناویمان هەیە کە هەریەکەیان بۆ کار و ئەنجامێکی دیاری کراو بەکاردێت و میکانیزمی جاواز بەکاردەهێنن بۆیە دابەشکراون بۆ ئەم بەشانە:
  • ڤایرۆس (Virus): ئەمەش لەڕێگەی کاراکردنی پرۆگرامێک کە کۆدی کیناوی تێدایە یاخود لەڕێگەی بووت کردنی سیستمی هەڵگر بە ڤایرۆس، کە هەڵدەستێت بە لاوازکردنی باری ئەمنی کۆمپیوتەرەکە؛ وە خۆکارانە بڵاودەبێتەوە بەبێ هەستپێکردن زۆربەی جار خۆیان دەلکێنن بە پرۆگرامی ترەوە هەتا بتوانن زۆرتر بڵاوببنەوە، زۆربەی کاتەکان ڤایرۆس دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستمی بەکارخەر، تێکدانی پارچەکانی کۆمپیوتەر (بۆنمونە: توشکردنی هاردی کۆمپیوتەرەکەت بە ‘Bad Sector‘ کە بەتەواوەتی لەناو دەچێت و کاری پێناکرێتەوە)، وە بۆ دزینی زانیاری ناو کۆمپیوتەرەکەت یاخود بۆ ئەنجام دانی هێرش بۆسەر وێبسایت و سێرڤەرەکان لەڕێگەی کۆمپیوتەری بەکارهێنەرەوە.
  • کرمەکان (Worms): بەهەمان شیوەی ڤایرۆسەکانن و هەمان کاردەکەن بەڵام پێویست بەوە ناکات بەکارهێنەر پرۆگرامەکە بکاتەوە تاوەکو کارابێت بەڵکو خۆکارەنە خۆی کۆپی دەکاتە ناو کۆمپیوتەرەکانەوە و خۆیان کارادەکەن و لەکاتی پێوەکردنی میمۆری یاخود هارد بە کۆمپیوتەری توشبوو خۆی کۆپی دەکاتە ناو میمۆریەکەوە و ئەو کۆمپیوتەرانەی کە ئەو میمۆریە بەکاردەهێنن تووشدەکات.
  • ترۆجان (Trojan): ئەمە یەکێکە لە زۆرترین بەکارهێنانەکانی لە جیهاندا ئەوەش بریتیە لە پارچەیەک کۆد کە دەیلکێنن بە پرۆگرام یاخود یاریەکەوە، کاتێک بەکارهێنەر یاریەکە دەکات هەست بەوە ناکات کە ترۆجانەکەش لەگەڵیدا کاردەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی توشبوونی کۆمپیوتەرەکەت بەم پرۆگرامە بەڵام ئەمە وەکو ئەوانی پێشوو نیە و توانای کۆپی کردنی نیە بەڵکو تەنها هەڵدەستێت بە خۆ جێگیرکردن لە ناو کۆمپیوتەری بەکارهێنەر و چەندین کاریشی پێئەنجام ئەدرێت وەک: دزینی وشەنهێنیەکان کە لە وێبگەڕی کۆمپیوتەرەکەت-دا پاشەکەوتت کردوون، دزینی پەڕگە و زانیاریەکانی بەکارهێنەر، وە هەروەها چەندین کاری سیخوڕی کردن وەک گوێگرتن لە مایکرۆفۆنی کۆمپیوتەرەکەت و سەیرکردنی شاشەی کۆمپیوتەرەکەت و کۆنترۆڵی تەواوی ماوس و کیبۆرد و سەیرکردنی کامێرای کۆمپیوتەرەکەت، وە بۆ داگرتنی پەڕگە بەبێ زانیاری بەکارهێنەر و کاراکردنی، کوژاندنەوەی کۆمپیوتەرەکەت و چەندین فەرمانی تر بەجێدەهێنێت.
  • ڕووتکیت (RootKit): ئەمەش جۆرێکی ترە کە لەکاتی کارابوونی لەناو سیستەمەکەدا وا لە کۆمپیوتەری بەکارهێنەر دەکات کە لەکاتی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ئەم جۆرە بەرنامانەدا هەڵدەستێت بە شاردنەوەیان هەتاکو بەکارهنێنەر نەتوانێ بیدۆزێتەوە و لە هەموو لیستی پرۆسێسەر و پەڕگە بینینەکاندا دەیشارێتەوە
  • بۆت (Bot): ئەم جۆرەیان زیان بە خودی کۆمپیوتەرەکە ناگەیەنێت بەڵکو زیان بە کەسانی تر دەگەیەنێت، لەکاتی کارابوونی لە ناو کۆمپیوتەرەکەدا ئەو کەسەی کە بۆت-ەکەی دروستکردووە ئەتوانێ لەڕێگەی چەند فەرمانێکەوە هەندێ کار ڕاپەڕێنێ بۆ نموونە ناردنی ئیمەیڵی بێزارکەر لە ڕێی کۆمپیوتەری توشبووەوە، وە هەروەها بۆ هێرشکردنە سەر سایت و سێرڤەرەکان و بەجێگەیاندنی  (DDoS Attack).
  • ڕانزۆم (Ransomware): ئەمەش جۆرێکی تازەیە لە کۆدی کیناوی کە دەچێتە ناو کۆمپیوتەری خانەخوێ و هەڵدەستێت بە تەشفیرکردنی پەڕگە و زانیاریەکانی ناوی واتە وەکوو بارمتەیەک دەیگرێت و لە بارامبەر بڕە پارەیەکدا هەڵدەستێت بە گەڕاندنەوەی پەڕگە و زانیاریەکان.

چۆنیەتی دەربازبوون لەم کۆدە کیناویانە

دەربازبوون لەم پرۆگرامەنە هەرگیز بەتەواوەتی سەرکەوتوو نیە هەروەک لە پێشوودا ئاماژەمان پێدا چونکە رۆژ بەڕۆژ کۆدی تازە دەدۆزرێتەوە و جگە لەمەش تەشفیرکردنی ئەم پرۆگرامانە کێشەیەکی تری بۆ پرۆگرامەکانی دژەڤایرۆس دروستکردووە کە دەبێتە هۆی دەرچوونیان لەژێرباری ئەواندا، بەڵام چەند ڕێگایەک هەن کە ئەگەری ئەمانە کەم دەکەنەوە، ئەوانیش بیریتین لە:
  1. هەبوونی بەرنامەی دژە ڤایرۆس کە ڕیگریەکی باش دەکات لە هەنێکیان کە کارابن.
  2. هەبوونی دیوارێکی ئاگرینی (Firewall) ــێکی بەهێز.
  3. بەکارنەهێنان و دەنەگرتنی هیچ پرۆگرامێک لە ڕێگەی ئینتەرنێت ئەگەر لە سەرچاوەکەی ئاگادارنەبوویت!
  4. بەکارهێنانی ماکینەی خەیاڵی (Virtual Machine) ئەگەر کەسێکی حەز لە تاقیکردنەوەی ئەم جۆرە پرۆگرامانە هەیە (وەلێ دەڵێ هەندێ جار دەتوانێ ئەوەش تێپەڕێنێت ‘Bypass‘ بکات)
  5. بەکارنەهێنانی میمۆری و هاردی کەسانی نەناسراو هەتا دڵنیا نەبیت لە ناوەڕۆکەکانی.
  6. نەکردنەوەی ئەو سایت و ماڵپەڕانەی کە جێگەی گوومان وە بەڕێژەیەکی بەرچاویش ماڵپەرە سێکسیەکان کە لەڕێگەیانەوە چەندین پرۆگرامی وا بڵاودەبنەوە بەبێ زانینی بەکارهێنەر.

سامرەند حاجی

ژمارەی بابەتەکان: 11