background

ئەندازیاری پێچەوانە چیە؟

هاوپۆل: ئەندازیاری نەرمەکاڵا ( سۆفتوێر )  ژ.بابەت : 2499  بەروار : تشرینی یه‌كه‌م 7, 2018
engineering, reverse, Reverse Engineering
QR Code For:  ئەندازیاری پێچەوانە چیە؟

ئەندازیاری پێچەوانە(Reverse Engineering) بریتیە لە کرداری وردبوونەوە و شیکردنەوەی کاری سیستەمێک یان ئامێرێک بۆ تێگەشتن لە شێوازی دروستکردنی و چۆنیەتی کارکردنی بە مەبەستی باشترکردن یان دروستکردنەوەی ئەو سیستەمە، ئەم تەکنیکە پێشووتر لە بواری تردا بەکاردەهات بەڵام ئێستا بەشێوەیەککی بڵاو لە بواری نەرمەکاڵا و ڕەقەکاڵای کۆمپیوتەردا بەکاردێت. (هەندێک جار وشەی (باک ئێنجنیرینگ)یش بۆ هەمان مەبەست بەکاردێت واتە (ئەندازیاری دواوە)

ئەندازیاری پێچەوانەی نەرمەکاڵاکان بریتیە لە لێکدانەوەی (مەشین کۆد)ەکانی نەرمەکاڵەیەک کە راستەوخۆ دەنێردرێن بۆ یەکەی چارەسەری زانیاریەکان واتە شیکردنەوەی (باینەری کۆدەکان) ، و پاشان وەرگێڕانەوەیان بۆسەر سەرچاوەی ئەو کۆدانەی  کە پێی نوسراوە، لەڕێگەی بەراوردکردنەوەیان بەو دێرانەی ئەو زمانەی کە پێی نوسراوە. پرۆسەکە بریتیە لە شیکردنەوەی نەرمەکاڵاکە بۆ زانینی ڕەچەڵەک و پێکهاتەکانی و بەکاردێت بۆ دروستکردنەوەی پرۆگرامێک یاخود لێکچوویەک لەو پرۆگرامە یاخود بۆ هەوڵدان بۆ زیان گەیاندن بە لاوازیەکانی یاخود بەهێزکردنی بەرگریەکانی.


ئەندازیاری پێچەوانە(Reverse Engineering)  لە هەندێک حاڵەتدا بەکاردێت بۆ زیادکردنی توانا و کردراری زیاتر بۆ پرۆگرامێک کە سەرچاوەیکەی چیتر بەردەست نیە یاخود خانەنشین کراوە.
یاخود چاکردنەوەی هەڵەیەک لەنێو پرۆگرامەکەدا لەکاتێکدا سەرچاوەکەی بەردەست نیە.
هەندێک جار بۆ دەرخستن و ئاشکراکردنی ڤایرۆسێک یاخود  پارچە کۆدێکی زیانبەخش لەنێو پێکهاتەی پرۆگرام و نەرمەکاڵای کەسەکانی تر.
هەندیک کاتیش بەکاردێت بۆ کۆپی کردن و بردنی کۆد و بیرۆکەی نەرمەکاڵایەکی تر کە پێشێلکردنی یاساکانی کۆپی ڕایتە، لەزۆرینەی نەرمەکاڵاکاندا ئەنجامدانی ئەمکارە بە پێشێلکردنی یاساکانی فرۆشیار یاخود خاوەنی نەرمەکاڵاکە دادەنرێت.

ئەنجامدانی پرۆسەی ئەندازیاری پێچەوانەی نەرمەکاڵا  چەند شێوازی جیاواز و جۆراوجۆر هەن یەکێک لە ڕێگەکان بەکارهێنانی ئەو (هێکسادیزمەڵ دەمپەر)ەکانە کە کۆدی  پرۆگرامەکە پیشان ئەدەن بەشێوەی (هێکسادیزمەڵ) بە ناسینەوەی شێواز و ڕیزبەندی و درێژی هەندێک لە هێکسەکان، بەم کارە ئەندازیارە پێچەوانەکە ئەتوانێت بزانێت هەندێک لەبەشەکانی پرۆگرامەکە چۆن کاردەکەن. نموونەیەک لەو پرۆگرامانەی کە بۆ هێکسادیزمەڵ بەکاردێت، بریتیە لە HxD


یەکێکی تر لە ئامرازەکان بریتیە لە (دیسئەسێمبڵەر) کە باینەری کۆدەکان ئەخوێنیتەوەو دەیانگۆرێت بۆ زمانی ئەسێمبڵی کە وایلێدەکات ببێت بە ئامرازێکی زۆر باشی Reverse Engineering  نموونەیەکی بەهێز لە دیسئەسێمبلەرەکان بریتیە لە IDA Pro


(دیبەگەر)ەکان بەکاردێن بۆ دۆزینەوەی bug  و کێشە لە سیستەمەکاندا. ئەم توڵانە زیاتر لەلایەن (کراکەر)ەکانەوە بەکاردێن بۆ چوونە نێو سیستەمەکان یاخود گەیاندنی زیان پێیان. نمونەیەک بۆ ئەو پرۆگرامە زۆر بەکارهاتوانەی بۆ ئەم کارە بەکاردێن بریتیە لە OllyDbg, GNU Debugger.


(دیکۆمپایلەر) دیکۆمپایلەرەکان ڕاستەوخۆ پرۆگرامەکە وەردەگێڕنەوە بۆسەر سۆرسی پلە بەرز واتە زمانە ستانداردەکانی پرۆگرامینگ وەکو (جاڤا، سی شارپ، سی پڵەس پڵەس) . یەکێک لەو پرۆگرامانەی بەکاردێن بۆ دیکۆمپایل کردن Telerik JustDecompile و Net Reflector. .


(مۆنیتەرینگ توڵس) بریتین لەو پرۆگرامانەی کە چاودێری کردار و هەڵسوکەوتی پرۆگرامەکە دەکەن وەکو، چالاکی پرۆگرامەکە لەگەڵ تۆڕی ئینتەرنێت، دەسکاری کردنی فایلەکانی فایل سیستم یاخود دەسکاری کردنی مێمۆری و ریجسترەکان ، نمونەیەک بۆ ئەمجۆرە پرۆگرامانە بریتیە لە wireshark و Zenmap.

نموونەیەک بۆ پرۆسەی دیکۆمپایلکردنی پرۆگرامێکی ڤیژوەڵ بەیسیک بە پرۆگرامی ILSPY

 

ئەمە لە کاتێکدا ئەندازیاری پێچەوانەی ڕەقە کاڵاکان بریتیە لە شیکردنەوەی ئامێرەکان کە چۆن کاردەکەن. بۆ نموونە کۆمپانیاکانی دروستکردنی پرۆسێسەر بەرهەمەکانی یەکتر شی دەکەنەوەو بەراورد و لێکدانەوە بۆ ئەو بەرهەمەی کۆمپانیا ڕکابەرەکەیان دەکەن کە چ تایبەتمەندیەکی هەیە لەوەی ئەوان باشتر بەکاردەهێنن لە کاڵاکانیاندا. ئەندازیاری پێچەوانەی ڕەقە کاڵاکان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ڕێگەپێنەدراوە و شارەزاییەکی ئێجگار زۆری دەوێت و پارەیەکی زۆری تێدەچێت.

 

 

ساکۆ سیروان

ژمارەی بابەتەکان: 1