background

بیت تۆرێنت (BitTorrent) چۆن کار دەکات؟

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 1210  بەروار : تشرینی دووه‌م 7, 2016
BitTorrent, download, network, protocol, torrent
QR Code For:  بیت تۆرێنت (BitTorrent) چۆن کار دەکات؟

بیت تۆرێنت (BitTorrent) پڕۆتۆکۆلێکی ئاڵوگۆڕکردنی داتایە بەکاردێت بۆ بڵاوکردنەوەی فایل و داتای گەورە لە ئینتەرنێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بیت تۆرێنت ئەوەیە کە (Peer-to-peer)ــە، واتە کۆمپیوتەرەکانی ناو “شانە”یێکی (Swarm = کۆمەڵە کۆمپیوتەرێک کە هەمان تۆرێنت ئاڵوگۆڕ دەکەن) بیت تۆرێنت داتا لەنێوان خۆیان دەگوازنەوە بێ ئەوەی پێویستیان بە سێرڤەرێکی ناوەندی هەبێت، لەجیاتی ئەوە هەموو ئەندامان بەشداردەبن لە بڵاکردنەوەی داتاکە و بەو شێوەیە قورساییەکە بەسەر هەموویاندا دابەشدەبێت.

جیاوازی چییە لەگەڵ دابەزاندنی ڕاستەوخۆ (Direct Download)؟

بە شێوەیەکی ئاسایی کاتێک فایلێک لە وێبسایتێک دادەبەزێنی، پێی دەگوترێ دابەزاندنی ڕاستەوخۆ. لەم جۆرە دابەزاندنەدا سێرڤەرێکی ناوەندی فایلەکە بڵاودەکاتەوە بەسەر هەموو ئەو کۆمپیوتەر (یان مۆبایل)ـانەی کە داوای فایلەکە دەکەن. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەو ڕێگایە ئەوەیە کە لەکاتی دابەزاندنی فایلی گەورە یاخود فایلێک کە خواستی زۆری لەسەر بێت، قورساییێکی زۆر دەکەوێتە سەر سێرڤەرە ناوەندییەکە و ئەوەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی سێرڤەرەکە بۆ ماوەیەک بەردەست نەمێنێت، یاخود خاو ببێتەوە.

Credit: Icons are designed by Freepik from Flaticon

ئەی بیت تۆرێنت چۆن کاردەکات؟

وەک گوتمان بیت تۆرێنت ڕێگای P2P بەکاردەهێنت بۆ گواستنەوەی داتا، لەو ڕێگایەدا بەکارهێنەران بەرنامەیەکی تایبەت (ڕاژەخوازێکی بیت تۆرێنت) بەکاردێنن بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆمپیوتەرانەی کە ئەو فایلەیان لایە کە تۆ دەتەوێ. چونکە ئەوانیش هەر کۆمپیوتەری ئاسایین هەر وەک کۆمپیوتەرەکەی خۆت (نەوەک سێرڤەر یاخود جۆرەکانی دیکەی کۆمپیوتەر)، بۆیە پێیان دەگوترێ (Peer) واتە: هاوتەمەن، هاوڕێ، هاوشان… هەر بۆیەش ئەو جۆرەی گواستنەوەی داتا پێی دەگوترێ Peer-to-peer.

لە بیت تۆرێنت بەکارهێنەران لە بڕی ئەوەی فایلەکە لە یەک سەرچاوەی ناوەندییەوە دابەزێنن، دەتوانن بچنە ناو شانەیەکی بەکارهێنەرانەوە کە هەموویان لە هەمانکاتدا هەم فایلەکە دادەبەزێنن و بڵاویشی دەکەنەوە. ئەوەش وا دەکات کە خێرایی دابەزاندن زیاد بکات و قورساییەکەش دابەش دەبێت بەسەر بەشداربووەکان.

Credit: Icons are designed by Freepik from Flaticon

Credit: Icons are designed by Freepik from Flaticon

فایلەکان لە بیت تۆرێنت دەکرێنە چەندین بەشی یەکسانەوە (بۆ نموونە فایلێکی ١٠ مێگابایتی دەتوانرێت بە ١٠ پارچەی ١ مێگا بایتی بگوازرێتەوە، یاخود بە ٤٠ پارچەی ٢٥٦ کێلۆبایتی بگوازرێتەوە) و هەرکاتێک هەر یەک لە بەکارهێنەران بەشێکی فایلەکەی دابەزاند دەتوانێت ئەو بەشە بڵاوبکاتەوە بەسەر بەشداربووانی دیکەی ناو “شانە”کە (Swarm)، لەو حاڵەتەدا بەکارهێنەرەکە هەم وەرگرە و هەمیش بڵاوکەرەوە. وە پارچەکانی فایلەکە بەشێوەیەکی یەک لە دوای یەک (Sequential) دانەبەزێندرێن، بەڵکو هەر پارچەیەک لەکاتەدا بەردەست بێت، هەتا ئەگەر لە کۆتایی فایلەکەش بێت، دایدەبەزێنێت.

یەکێکی دیکە لە باشییەکانی بیت تۆرێنت ئەوەیە کە چەندین پارچەی فایلەکە لە هەمان کاتدا لە چەند سەرچاوەیەکەوە دادەبەزێنێت، بەمەش خێرایی دابەزاندن زۆر زیاد دەکات. وە بە پێچەوانەی دابەزاندنی ڕاستەوخۆ تا ژمارەی ئەو کەسانە زیاد بکات کە تۆرێنتەکە دادەبەزێنن زۆرتربێت، خێرایی بڵاوبوونەوەش زۆرتر دەبێت! لەبەر ئەوەی هەر یەک لە بەکارهێنەران دەتوانێت ئەو بەشەی فایلەکە بڵاوبکاتەوە کە لەلایەتی. بەمەش دابەزاندنی تۆرێنتێکی تەندروست (واتە ژمارەی Seeder زۆربێت و ڕێژەی بەردەستیی فایلەکە بەرزبێت) چەند جار خێراتر دەبێت لە دابەزاندنی فایلەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ.

بۆ بینینی چۆنییەتی بڵاوبوونەی داتا لە ڕێگەی بیت تۆرێنت سەردانی ئێرە بکە.

هەر وەک لە وێنەکە دیارە ڕاژەخوازەکانی بیت تۆرێنت پارچەکانی فایلەکان بەشێوەی یەک لە دوای یەک (Sequential) دانابەزێنێت.

هەر وەک لە وێنەکە دیارە ڕاژەخوازەکانی بیت تۆرێنت پارچەکانی فایلەکان بەشێوەی یەک لە دوای یەک (Sequential) دانابەزێنێت.

چۆن کۆمپیوتەرەکان یەکتر دەدۆزنەوە؟

پێشتر بیت تۆرێن سێرڤەرێکی ناوەندی بەکاردەهێنا کە پێی دەگوترا “Tracker = چاودێر”. ئەرکی ئەو جۆرە سێرڤەرانە ئەوەبوو کە لیستی IP ئەدرێسی ئەو کۆمپیوتەرانەیان لابوو لەناو شانە کەدا بوون. کاتێک کە ڕاژەخوازی بیت تۆرێنت فایلێکی .torrent ی دەکردەوە، پەیوەندی بەو چاودێرەکەوە دەکرد کە لە ناو فایلەکەدا ئاماژەی پێدرابوو. بەوەش دەیتوانی داوای ناونیشانی هەموو ئەو کۆمپیوتەرانە بکات کە لەناو شانەی بڵاکردنەوەی ئەو فایلەدابوون. بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا تێبینی بکرێت ئەوەیە کە فایلە ڕاستەقینەکە لە چاودرێرەکەوە دانابەزێندرێت، بەڵکو لە کۆمپیوتەرەکانی ناو شانەکە وەردەگێرێت. وە فایلی .torrent ەکەش قەبارەکەی زۆر بچووکە، بۆیە قورسایی زۆر ناخاتە سەر سێرڤەرەکە.

بەڵام لە ئیستادا ڕاژەکارەکانی بیت تۆرێنت ڕێگایەکی دیکە بەکاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی شانەی بڵاوکردنەوەی ئەو فایلەی کە مەبەستیانە. لەو ڕێگایەدا هەر بەشداربووێک وەک “Tracker” کاردەکات و بەمەش پێویست ناکات سێرڤەری تایبەت هەبن بۆ ئەو کارە. لەو ڕێگایەدا Distributed Hash Table (DSH) بەکاردێت بۆ دۆزینەوەی Peer ـەکانی ناو شانەیەک. بەو ڕێگایە دەگوترێ (Trackerless system یانیش Decentralized Tracking)

لە ئێستادا هەردوو سیستەم بەکاردێن لەلایەن ڕاژەخوازەکانی بیت تۆرێنتەوە و بەکارهێنەران دەتوانن هەڵیبژێرن کە کامەیان لەلا پەسەندترە.

Seeder و Leecher

لەناو بەکارهێنەرانی بیت تۆرێنت چەند چەمکێک بەکاردێن، دوو لە گرنگترینیان:

  • Leecher: بەو کەسانە دەگوترێ کە ئەو پارچانەی فایلەکە بڵاودەکەنەوە کە لایانە و ئەو پارچانەش دادەبەزێنن کە لایان نییە.
  • Seeder: بەو کەسانە دەگوترێ کە هەموو پارچەکانی فایلەکەیان لایەو لەناو شانەکەدا ماونەتەوە بۆ ئەوەی بەکارهێنەرەکانی دیکەش پارچەکانیان پێبگات.

بەڵام زۆرجار Leecher بەو کەسانەش دەگوترێ کە تەنها فایلەکە دادەبزێنن و هیچی لێ ئەپلۆد ناکەن، یاخود خێرایی ئەپلۆدکردنی سنووردار دەکەن. یانیش هەر کە تۆرێنتەکە تەواو بوو، ڕاستەوخۆ لە شانەکە دەچنە دەرەوە چیدیکە فایلەکە بڵاوناکەنەوە. زۆر لە ڕاژەخوازەکانی بیت تۆرێنت ئەو جۆرانەی Leecher سزادەدەن و خێرایی دابەزاندنیان سنووردار دەکەن. چونکە لە پێناو بڵاوبوونەوەی فایلەکە بەشێوەیکی باش، دەبێت هەر بەکارهێنەرەی لانی کەم بڕی دابەزاندن و ئەپلۆد کردنی یەکسان بێت. وە خێرایی دابازاندنیش بۆ ئەو کەسان زیاد دەکەن کە خێرایی بارکردنیان زۆرە، بەوەش تۆرێنتەکە بە زووترین کات بڵاودەبێتەوە.

ئایا بەکارهێنانی بیت تۆرێنت نایاساییە؟

هەرچەندە بیت تۆرێنت زۆربەی جار بۆ دابەزاندنی نەرمەکاڵا و فیلم و گۆرانی بە شێوەی نایاسایی بەکاردەهێندرێ، بەڵام ئەوە تاکە ئامانجی بیت تۆرێنت نییە. بیت تۆرێنت تەنها ڕیگایەکە بۆ بڵاوکردنەوەی داتا، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پڕۆتۆکۆلێکی peer-to-peer ـە و کۆنتڕۆڵ کردن و سانسۆرکردنی ئاسان نییە وەک دابەزاندنی ڕاستەوخۆ، زۆر گونجاوە بۆ ئەو جۆرە کارانە.

هەر بۆیەش بیت تۆرێنت وەک پڕۆتۆکۆل تەواو یاساییە و بەکارهێنانی تووشی هیچ گرفتێکی یاساییت ناکات، بەڵکو ئەوە تووشی گرفتت دەکات کە چی پێ دادەبەزێنیت. بەڵام هەندێک ISP (Internet Service Provider = کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئینتەرنێت) ئەو کەسانە بلۆک دەکەن یانیش خێرایی هێڵی ئینتەرنێتەکەیان دادەبەزێنن کە زۆر بیت تۆرێنت بەکاردێنن، بۆیە لەو حاڵەتانە باشتر وایە VPN بەکاربێنیت بۆ شاردنەوەی ناسنامەت.

محمد یاسین

ژمارەی بابەتەکان: 21

قوتابی بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • بۆچوونەکان

    • ڕاستە، بەڵام خێرایی VPN یش پەیوەستە بەو کۆمپانیایەی دابینی دەکا، بەو سێرڤەرەی کۆنێکتی دەبی و بە ئاستی ئینکریپشن (Encryption).

  • دەست و چاوت خۆشبێت کاك محمد ، ئایا ئەمە هیچ ئەسڵ و ئەساسی هیە کە لە ڕێگای بیت تۆرێنتەوە هۆستەکان دەتوانن پڕۆسێسەری یەکتری بەکاربهێنن! شتێکی وام لەشوێنێک بەرچاوکەوت بەس وردەکاریەکەم بەتەواوەتی لەیادنەماوە.

    • ڕاستییەکەی هیچ شتێکی وام گوێ لێ نەبووە، دەتوانی سەرچاوەکەیم بۆ بنێری بۆ ئەوەی کەمێک لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەم؟

  • نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *