background

ئاسایشی ئەلیکترۆنی (Cyber Security) – ناسینی هاککەر – زنجیرەی سێیەم

هاوپۆل: پاراستن  ژ.بابەت : 2487  بەروار : تشرینی دووه‌م 1, 2018
QR Code For:  ئاسایشی ئەلیکترۆنی (Cyber Security) – ناسینی هاککەر – زنجیرەی سێیەم


ئاسایشی ئەلیکترۆنی (Cyber Security) – بەرگی یەکەم – دوژمنەکەت بناسە – هەڕەشە هەنووکەییەکان و ناوچەی ئامادەیی بۆ توشبوون

ئامانجەکان و فێربوون لێیان

فێربوونی ئامانجەکان بۆ ئەم بەشە تێگەیشتنە لە هەڕەشە هەنوکەییەکان و ناوچەکانی ئامادەیی بۆ توشبوون، واتە تۆ لە خاڵە لاوازییەکانی سیستمەکان  و کردارەکان، تۆ لە هەڕەشەکان و کردارە ناحەزەکان تێدەگەیت کە ڕووبەڕووی خۆت و کەسانی تر دەبێتەوە لەسەر ئینتەرنێت لە هاکەرەکانەوە بۆ نیزامی تەشفیر کردن و لە exploit kitsەوە بۆ popsەکان.

بۆچی تۆ پێویستت بە ئاسایشە؟

لەوانەیە زۆربەمان ئەم پرسیارانەمان لە خۆمان کردبێت، وەک ئەوەی بۆچی کەسێک من ئەکات بە ئامانج؟ یان ئامانجی هاکەر چییە لەوەی کە دەست بگرێت بەسەر کۆمپیوتەرەکەمدا یاخود هەژمارەکانمدا؟ ئەمانە پرسیار گەلێکی باشن کە پێویستە هەموو کەسێک لە خۆی بکات، ئەو شتەی کە تۆ پێویستە درکی پێ بکەیت ئەوەیە کە چیتر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەو شێوە کۆنەی کە هەبووە هێرش ناکەنە سەرت، واتە ئەو جۆرە هێرشەش کە بە چەک دەکرێت هەر ماوە بەڵام ئەوەی کە ئاسانترەو زیانی گەورەتری هەیە هاککردن و دزەکردنە، مرۆڤایەتی کە بەو شێوەیە دروست بووە حەزی بە شەڕە لە ئێستادا شەڕەکەی گواستۆتەوە ناو تەکنەلۆجیا، هەتا ئەم ساتەش ئەوانەی ئەو کارە دەکەن پڕۆگرامی خۆکاری تایبەت بەو بوارە دەکڕن یاخود دروستی دەکەن بۆ ڕاوکردنی سیستەم و پرۆگرامەکانی تر بەبێ ئەوەی کاتی خۆیان بکوژن، بەردەوام کۆمەڵێک کاریگەری بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بزانن کە چ شتێک ئامادەیە بۆ توشبوون و دەتوانن دزە بکەنە ناویەوە، کە ئەمە مانای وایە لەوانەیە من یان تۆ ئامانجێک بین وەک هەر کەسێکی تر وە لەوانەیە هەر لەم کاتەدا کرابیت بە ئامانج ئەگەر تا ئێستە نەتزانیبێ، بۆ نموونە ڕاوتەری ئینتەرنێتەکەت هەموو ڕۆژێک سکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هیچ ئامادەییەک هەیە بۆ توشبوون، من دڵنیام کە لەوانەیە زۆربەتان ئیمەیڵی spamتان بۆ هاتبێ وە هێرشی phishing  کرابێت بۆ سەرتان کە دەیانەوێت ڤایرۆسێک دابگریت یاخود ڕاتبکێشن بۆ سایتێک کە Virus یان Malwareی تێدایە، بێگومان لە ڕوویداوە کە لە وێبسایتێکدا بیت و هێرشی لەسەربێت یاخود پێشتر هێرشی کرابێتە سەر یاخود هاک کرابێت، کەواتە ئەگەری هەیە کە هەموومان قوربانی بین یان هەموومان کرابینە ئامانج لەم نێوەندەدا، سەرباری ئەمانە تۆ کەسێک یان ڕێکخراوێک هەیە کە لەوانەیە بە تایبەت چاودێریت بکات لەبەر هەر مەبەستێک بێت کە لە دوایدا مەبەستەکان ڕوون دەکەینەوە، وە ئەمە زیاتر جێگەی سەرنجەو پێویستە گرنگی پێ بدەین .

بۆ نموونە لەوانەیە هاوبەشی کارەکەت بێت کە بیەوێت بچێتە ناو هەژماری فەیسبوکەکەتەوە یان هەر هەژمارێکی تر، یاخود لەوانەیە لە وڵاتێکی دیکتاتۆریدا بیت و ئەوان هەوڵ بدەن سەیری هەموو شتێک بکەن کە تۆ لەسەر ئینتەرنێت ئەنجامی دەدەیت، هەڵبەت هەموو وڵاتێک ئەم کارە دەکات بەڵام ڕێژەکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، زۆربەی خەڵک پێویستە خەمی ئەوەیان بێت کە نەکەونە داوی تاوانکارەکانی سەر ئینتەرنێت و گروپەکانی هاککەرەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر حوکمەت چاودێری لەسەر کەسێکی ئاسای دا بنێت زۆر کات بۆ کردەوەی تیرۆر یان هەڵگرتنی فایلەکانییەتی و پاشەکەوت کردنیانە بۆ کاتێک کە ئەو کەسە بیەوێت بەرەنگاری حوکمەت ببێتەوە ئەوانیش ئەو فایل و زانیاریانەی لە دژ بەکار دەهێنن، بەڵام تاوانکارەکانی سەر ئینتەرنێت (Cyber-criminal) بە هەر شێوەیەک بکەویتە ژێر دەستیان لە قازانجی تۆدا نییە، چونکە ئەوان ئەتوانن بچوکترین داتات لە دژ بەکار بهێنن هەر لە وەرگرتنی پارەوە هەتا دەگات بە کارە قێزەونەکانی تر.

ئەوەی کە ئێستە دەیبینن مۆنیتەرێکی هەواڵگرییە بۆ چاودێری کردنی هەڕەشەو هێرشەکان بە ناوی (NORSE)، ئەمە مۆنیتەرێکی چاودێرییە بۆ ئەو چالاکییانەی هاککەرەکان و تاوانبارەکانی سەر ئینتەرنێت ئەنجامی دەدەن، بۆیە لەم ڕێگەیەوە ئەوانەی کە چاودێری مۆنیتەرەکە دەکەن دەزانن کە هێرشکەرەکان چی دەکەن و ئەو شتە نوێیانە چییە کە بەکاری دەهێنن و چ جۆرە هێرشێک دەکەن و ئەو ئاڕاستەیەی کە هێرشەکانی لێوە دەردەچێت بەرەو ئەو خاڵە کە دیاری کراوە، وە ئەمە تەنها ژمارەیەکی کەمی سێرڤەرەکانە، بهێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر هەموو ئەو هێرشانەی کە دەکرێت لەم مۆنیتەرەوە توانای بینینی هەبوایە ئەوکات کۆنترۆڵ کردنی ئاسانتر دەبوو.

 

باشە بۆچی دەبێت ئەم هەموو شتە بێزارکەرە بەکار بهێنن کە ئەم هەموو هەوڵ و کۆششەی دەوێت و سەدان و هەزاران کاتژمێری دەوێت تا کەسێک خۆی فێری ئەم بوارە بکات، وە پێویستە ئەم شتانە نرخی هەبێت لەلایان بۆیە دەیکەن، بە شێوەیەکی گشتی پاڵنەری سەرەکییەکان کە وایان لێ دەکات داخڵی هەژماری خەڵک ببن و زانیاری تاکەکەسی و ناسنامەی کەسێک بدزن و دەست بگرن بەسەر کۆمپیوتەرەکەیدا، مەسەلەکە پارەیە، پاڵنەرەکان زۆرن یاخود لەوانەیە پاڵنەرەکان بۆ مەبەستی سیاسی و ئەخلاقی بێت، بەڵام زۆربەی لەبەر پارەی خۆشەویست و بەرز و باڵا دەستە، بەڵام تۆ لەوانەیە بڵێیت چۆن ئەوان دەتوانن کۆمپیوتەرەکەم یاخود هەژمارەکان بکەن بە پارە خۆ من هیچ پارەیەکم تێیدا دا نەناوە، ئەم قسەیە تا ڕادەیەکی کەم ڕاستە بۆ کوردستان چونکە هێشتا هەژماری بانکی ئەلیکترۆنیمان نییە کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە کارت خۆمان شت بکڕین و ئەوان بتوانن کارتەکەکمان هاک بکەن و پارەکان بەرن بۆ خۆیان، بەڵام ئەم قسەیەش بە تەواوەتی بۆ ئێمە ڕاست نییە چونکە دەکرێت بە شێوەی ئاڵوگۆڕ هەموو زانیارییەکانت بکرێت بە پارە، وەک دەیبینن لە وێنەکەدا کە کۆمپیوتەرەکەتان تا چەنێک دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ تاوانبارێک کە دەستی پێی دەگات، بۆ نموونە دەتوانرێت کۆمپیوتەرەکەت بەکاربێت وەک web server‌-ێک یاخود email attack کە لە دوایدا بە درێژی باسی دەکەین، یاخود دەتوانن وەک Virtual goods بەکاری بهێنن (مەبەست لێی کۆمەڵە شتانێکە کە نەتوانرێت دەستیان لێ بدرێت، یاخود کائیناتێک کە ماددی نەبن یاخود پارەیەک کە سەرف کراوە بۆ پەیوەندییە ئۆنلاینەکان یاخود یارییە ئۆنلاینەکان، بە شێوەیەکی تر ئەتوانین بە شتی تریش بڵێن Virtual Goods وەک کتێبە دیجیتاڵییەکان یاخود میوزیک و فیلەمەکان، بە کورتییەکەی ئەو شتانەیە کە وەهمین و دەستی لێ نادرێن) جا مەبەستمان ئەوەیە کە تاوانبارەکە دەتوانێت ئەو شتانە لە تۆ بەرێت خۆی بەکاری بهێنیت یاخود بیفرۆشێتەوە.

یاخود دەتوانێت وەک هەڕەشە لەسەر سومعەت (Reputation Hijacking) هەژمارەکانت بەکاربهێنێت لە دژت، کە بیەوێت بە خۆتی بفرۆشێتەوە دوای ئەوەی کە دەستی بەسەردا گرت بۆ ئەوەی ئابڕوب نەبات، یاخود بە کەسانی تری بفرۆشێتەوە کە ئەو هەژمارەی تۆیان لا مەبەستەو دوژمنایەتیان هەیە لەگەڵتدا، یاخود دەتوانرێت وەک Bot Activity بەکار بهێنێریت بۆ داون کردنی وێبسایت و هێرش کردنە سەری و زۆر شتی تر کە لە وێنەکەدا دیارە.

 

وە زۆربەیان ئەم مامەڵانە کە بە زانیارییە تایبەتییەکانی قوربانییەکەوە دەکەن لە ڕێگەی cryptocurrency ئەو کارە ئەنجام دەدەن کە دراو گەلێکی ئەلیکترۆنین واتە تۆ پێویستت بەوە نییە بچیتە بانک بۆ ئەوەی پارەکە وەرگری ئەمەش وا دەکات کە تاوانبار هاککەرەکان بە شاراوەی بمێننەوەو ئاشکرا نەبن، یەکێک لە نموونەی ئەم جۆرە دراوانە بیتکۆینە Bitcoin (کە من لێرەدا باسی باکەم ئەم دراوە چییەو چۆن دروست بووە چونکە لە زۆر شوێن بابەتی لەسەر دانراوەو زۆر پەیوەندیشی نییە بە بابەتەکەی ئێمەوە، بەڵام ئەگەر پێت خۆشبوو زانیاری زیاتر بزانی لەسەر گرتە لێرە بکە).

ئەمانە کۆمەڵێک نموونەن کە ئەگەر هاککەر یان تاوانبارێک دەستی بگات بە ئیمەیلەکەت دەتوانێت چی بەدەست بهێنێت.

مەترسی دروست دەبێت لەسەر نهێننیەکانت (Privacy) وەک، نامەکانت، گوگڵەکەت، چاتی سکایپەکەت، وێنەکانت، دەنگی تەلەفونەکان کە دەیکەیت (ئەگەر لە کاتێدا بوو کە هاککەر دەستی گرت بەسەر موبایلەکەتتدا ئەم توانایەی دەبێت)، ئەو شوێنەی کە لێیت (بەکارهێنەری کۆمپیوتەر یان موبایل یان هەر ئامێرێکی زیرەکی تر بیت خزمەتگوزاری شوێن پێ هەڵگرتنی تێدایە وە هەرکات پەیوەست بیت بە ئینتەرنێتەوە کارا دەبێت مەگەر خۆت لە کاری بخەیت، وە هاککەر توانای دەبێت کە تازەترین شوێن پێی تۆ هەڵگرێ).

Retail Resale، هاککەر دەتوانێت پاش دەستگرتن بەسەر ئیمەیڵەکەتدا هەموو ئەو هەژمارانەی دەست بکەوێت کە لەسەر ئەو ئیمەیلە دانراون، وەک دەزانین هەموو هەژمارێک پێویستی بە ئیمەیڵە بۆ دروست بوون، وە کاتێک لە ڕێگەی ئەم ئیمەیلەوە توانی دەست بگرێت بەسەر هەژمارەکاندا وەک لە سەرەوە باسمان کرد دەتوانێت هەژمارەکانت بفرۆشێتەوە بەو کەسانەی کە دەیکڕن،

Financial بۆ مەبەستتە داراییەکان دەتوانرێت بەکاربهێنرێت، وەک گواستنەوەی پارە بۆ هەژمارێکی تر یاخود ئاڵوگۆڕ کردنی پارەی ڕێگە پێ نەدراو وە زۆر شتی تر…

وەک هەموو ئەوانی تر کە لە وێنەکەدا دیارەو لە وانەکانی داهاتوودا زیاتر دەچینە قوڵاییەوە و باشتر لێی تێدەگەین وەک Spam, Harvesting, Employment

دەبێت بزانیت کە ئیمەیڵەکەت مەبەستێکی سەرەکییە لای تاوانکارەکان و هاککەرەکان چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانن دەسەڵات بگرن بەسەر زۆربەی ئەو شتانەی کە مەبەستیانە، بە دەست گرتنی بەسەر ئیمەیلدا لە یەک کاتدا زۆرترین ئامانج دەپێکن، ئەمە بۆ ئەوان زۆر باشترە چونکە هەم کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە هەم کۆمەڵێک شت بە دەست ئەهێنن کە لە ڕاستیدا ئامانجەکەیان نەبووە و سوودیشی لێ دەبینن، ئەمە بۆ ئەوان باشترە وەک لەوەی دانیشن یەک یەک هەژمارەکانی ئامانجەکە هاک بکەن و دەست بگرن بە سەریدا، بۆیە پێویستە زۆر بە وریای ئاگای ئیمەیلەکانمان بین و زوو دڵنیابینەوە لێیان و ژمارە موبایلیان لەسەر دابنێین و هەر ڕێگەیەک بۆ پاراستنی ئیمەیلەکە دانراوە بیگرینە بەر، وە باشترین پێگە بەکاربهێنین بۆ دروست کردنی هەژماری ئیمەیڵەکانمان کە گوگڵ یەکێکە لە باشترینەکان لە ئێستدا، وە یەک ئیمەیل بەکار نەهێنین بۆ هەموو کارەکانمان، وە ئەو وێبسایتانەی یەک یەکجار کارمان پێیەتی ئیمەیلی فەیکی بۆ بەکاربهێنین کە لە وانەکانی داهاتوودا باسی لێوە دەکەین.

 

 

باشترین ٣ شت کە پێویستتە بۆ ئەوەی بە پارێزراوی بمێنیتەوە؟

ئایا بیر لە چی دەکەیتەوە ئەگەر لێت بپرسم باشترین ٣ ڕێگا چییە کە تۆ ئەیگریتە بەر بۆ ئەوەی لە کاتی ئۆنلاینا بە پارێزراوی بمێنیتەوە؟ کەمێک بیری لێ بکەرەوەو بزانە وەڵامەکانت ئەم وەڵامانەی خوارەوە بووە.

  • Anti-Virus
  • سەردان کردنی ئەو وێبسایتانەی کە ناسراون (گومانیان لەسەر نییە).
  • سڕینەوەی Cookies
  • گۆڕینی تێپەڕە ووشە (Password)

ئەگەر وەڵامەکانت هەر یەکێکە لەمانە ئەوە هەواڵێکی خۆش بۆتۆ، تۆ باشترین ڕێگە ناگریتە بەر بۆ پاراستنی خۆت کە ئۆنلاینی، گوگڵ ڕاپۆرتێکی بەرهەم هێناوە کە ئەم پرسیارەی لە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کردووە (باشترین ٣ شت چییە کە بەکاری بهێنیت بۆ خۆپاراستن لەکاتێکدا کە ئۆنلاینی)، ڕاپۆرتەکە بەناوی (“…هیچکەس ناتوانێت مێشکم هاک بکات”: ئەنجامی بەراوردەکانی شارەزا و نا شارەزاکان.)، ئەمە پوختەی وەڵامی ئەو بەراوردەیە کە شارەزاکان و نا شارەزاکان ئەنجامیان داوە، بەداخەوە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان بیرکردنەوەی شارەزایانی بواری خۆپاراستن و خەڵکی ئاسایی لەسەر ئەوەی کە باشترین شت چییە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنن بۆ خۆپاراستن، لە هێڵکارییەکەدا ئەوەی کە بە ڕەنگی ڕەساسییەکی تۆخ دیاری کراوە ئاماژەیە بۆ شارەزایانی بوارەکە، وە ئەوەی کە بە ڕەنگی ڕەساسی کاڵ دیاری کراوە ئاماژەیە بۆ خەڵکی ئاسایی، بۆیە ئێمە لەم زنجیرە وانانەدا باشترین ڕێگا دەگرینە بەر بۆ خۆپاراستن لەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

 

 

کەموکوڕی ئاسایش و ئامادەیی بۆ توشبوون – Security Bugs and Vulnerabilities

ئاسایشی ئەلیکترۆنی (حاڵەتێکە لە نێوان دوو شتدا یان دوو وڵاتدا یان دوو لایەندا کە هەوڵ دەدەن بەهێزتر بن لەوی تر و چەکی زیاتریان هەبێت) جا ئاسایش ئەلیکترۆنی ئەم هەوڵەیە لە بەینی پارێزگاری و هێرشدا، وە بە داخەوە ئێمە ئەم جەنگە دەدۆڕێنین، وەکو بەکارهێنەر ئێمە تەکنەلۆجیای باشترمان دەوێت بۆ ئەوەی شتی باشتر بکەین و بتوانین خۆمان بپارێزین لە تەنیشت ئەم هەڕەشانەوە، بەڵام ئێمە هەرچی شتی زیاتر دروست بکەین و شتی زیاترمان هەبێت ئەم سیستمانە ئاڵۆزتر دەبن، ئاڵۆزی دوژمنی ئاسایشە لە ڕاستیدا دوژمنێکی تۆڵە سێنەرە لە ئاسایش، لەبەر ئەم هۆکارانەیە ئێمە ئەم شەڕە دەدۆڕێنین کە لەبەینی هەڕەشە و پارێزگاریدا، هەردوو چەمکی (کەموکوڕی ئاسایش و ئامادەیی بۆ توشبوون) یەک مانایان هەیە واتە هاوتای یەکن، کەموکوڕی لە ئاسایشدا هەڵەیە (Error) کە لە نەرمەکاڵایەکدا (Software) دەنوسرێ کە هەڕەشەیەکی شاراوە دروست دەکات، وەک هاککەرەکان بۆ قۆستەنەوەی ئەو هەلە، ئەو کەسانەی کە لەم بوارەدا کار دەکەن بەردەوام چاودێری ئەو هەواڵانە دەکەن کە تایبەتە بەم بوارە، بۆ ئەوەی بزانن تاوانکارەکان هێرشیان کردۆتە سەر چ کەس و شوێنێک وە بە چ ڕێگەو جۆرێک، بۆ نموونە کەموکوڕی (Heart bleed) کە لەوانەیە بیستبێتتان لەسەری چونکە هەواڵەکە لە سایتەکاندا بڵاو کرایەوە، ئەمە کە کەموکوڕییەک بوو لە شتێک کە پێی دەوترێ OpenSSL کە ڕێگەی داوە بە شکاندنی تەشفیری ئینتەرنێت ترافیک کە نێردراوە بۆ ئەو سایتانەی کە ئامادە بوون بۆ توشبوون، بۆ نموونە لەوانەیە هەژمارێکت هەبێت لە بانکێکی ئۆنلاین، ئەگەر ئەو سایتە کارتێکراو بێت بە کەموکوڕی (heartbleed)، کاتێک تۆ Username و Password دەنێریت ئەگەر ئەو بانکە ئەو هەڵەیەی تێدا بێت، ئەو کەسەی کە ئەو کارەی کردووە توانای ئەوەی دەبێت کە تەشفیرەکە بشکێنێت و بگات بە Username و Passwordەکەت، کەموکوڕی ئاسایش هەمیشە بوونی دەبێت هەتا ئەو کاتەی کە مرۆڤ کۆد بۆ نەرماکاڵاکان (Software) بنوسێت، لەوانەیە ئەمە بۆ هەمیشە نەبێت لە داهاتوودا بتوانرێت ئەو رۆبۆتانە یان ئەو تەکنەلۆجیا تازانەی کە دروست دەکرێت ئەرکی نوسینی نەرمەکاڵاکانیان پێ بدرێت، بەڵام مرۆڤ هەڵە دەکات، وە ئەمە شتێکی سەرسامکەر نییە ئەگەر سیستمێکی وەک ویندۆز بهێنیتە بەرچاوی خۆت کە لە ملیۆنان ملیۆن دێڕ کۆد پێکهاتووە، مرۆڤ هەڵەبارە ئێمە هەڵە دەکەین کە دەبێتە هۆی کەموکوڕی لە ئاسایشدا.

 

لەلای چەپ دەبینیت کە هێڵکارییەکمان هەیە کۆمپیوتەرەکەت پیشان دەدات، وە لەلای ڕاست هێڵکارییەکمان هەیە کە ئینتەرنێت پیشان دەدات، لە هەر لایەک کۆمەڵێک شتمان هەیە کە تۆی گرنگی پێ دەدەیت، کەموکوڕی لە ئاسایشدا دەتوانرێت لەناو کۆمپیوتەرەکەتدا بوونی هەبێت یان لە frimware و applicationەکاندا وەک، Outlook, Media player, adobe acrobat، وە مەترسی تایبەت کە دەتوانرێت بوونی هەبێت لە براوسەرەکەتدا وە لە extensions و add-on کە دای دەنێیت بۆ براوسەرەکەت، کەواتە بۆ نموونە دەتوانرێت کەموکڕی ئاسایش لە Internet Explorerکەتدا هەبێت، تۆ سەردانی وێبسایتێک دەکەیت کە کۆدەی تایبەتی تێدایە تۆ ئەو کۆدە نابینیت کە تێیدایە، وە ئەوە Malware دادەمەزرێنێت لەسەر ئامێرەکەت، وە لەو ڕێگەی ئەو ئامادەییەوە کە بۆ توشبوون هەتە دەست دەگرێت بەسەر ئامێرەکەتدا، وە لەوانەیە سەرنجامەکان بەو شێوەیە بن کە ئەوان هەوڵ بدەن فایلەکانت تەشفیر (Encrypt) بکەن، وە کرداری Ransomی لەسەر جێبەجێ بکەن کە تا پارە نەدەیت ناتوانیت فایلەکانت بەدەست بهێنیتەوە کە ئەم کردارە ناسراوە بە (Rasomware) کە لە دوایدا بە درێژتر باسی دەکەین، لەبەر ئەوەی لەسەر ئینتەرنێتیش تۆ شتانێکت هەیە پێویستە پارێزگاریان لێ بکەیت پێویستە ڕەچاوی ئەو کەموکوڕیە ئاسایشیانە بکەیت کە لەسەر سایتەکانی ئینتەرنێت بونیان هەیە، لەوانەیە بەکارهێنانی Dropbox کە کەموکوڕییەکی (Bug) هەیە کە دۆزراوەتەوە لەلایەن Dr. Evil لەسەر Dropbox کە ڕێگەی دەدات بگات  بە فایلەکانت وە لەبەر ئەوەی Dropbox کلیلی تەشفیرەکەت (Encryption key) پاشەکەوت دەکات، بۆیە تەشفیرەکە ناتوانێت بتپارێزێت، دوو جۆری سەرەکی لە کەموکوڕی هەن کە ئەوانیش Known Bugs – Unknown Bugs، با سەرەتا لە Known Bugs دەست پێ بکەن کە ئەم جۆرەیان دەتوانرێت پینە بکرێت واتە Patchی هەیە، ئەگەر تۆ سیستمەکەت پینە (Patch) بکەیت ئەوا تۆ پارێزراوی دژی ئەو کەموکوڕیانە وە ئێمە لە وانەکانی داهاتوودا باشترین و ئاسانترین ڕێگە دەگرینە بەر بۆ پینە کردنی هەموو ئەو شتانەی کە پێویستیان بە پینە کردنە، پاشان تۆ Unknown Bugت هەیە کە هەر دەتوانین بە 0 Days ئاماژەی بۆ بکەین، ئەمانە زۆر قورسترن کە خۆمانی لێ بپارێزین لەبەر ئەوەی پینە (Patch) ناکرێن، واتە ئەتوانی جیاوازی ئەمە وەک دوو تەنکی بهێنیتە پێش چاوی خۆت، ئەو تەنکەیەی کە کونێکی بچوک یان چەن کونێکی بچوکی تێدایە بە Known Bugs ناوی دەبەین کە دەتوانرێت پینە بکرێت، بەڵام ئەو تەنکیەی کە بنەکەی شکاوە یان کونێک یان چەند کونێکی گەورەی تێدایە پینە ناکرێت ناوی دەبەین بە Unknown Bugs، وە لە دوایشدا کۆمەڵێک تەکنیک دەگرینە بەر بۆ خۆپاراستن لە Unknown Bugs.

 

 

وەک لەم وێنەیەدا دەیبینن پەڕەیەکی بڵاوکراوەیە کە دەمەوێت بەرچاو ڕوونیەکەی زیاترتان هەبێت لەسەر جیهانی تاوانبارەکانی سەر ئینتەرنێت، هاککەر بچوکە قۆنتەرات چییەکان پێویستیان بەوە نییە کە ئەزموونێکی زۆریان هەبێت لەم ڕۆژەدا، دەتوانێت بچێت Exploit kitی ئامادەکراو بکڕێت یاخود بەدەستی بهێنێت، وەک کەسێک کە چۆن خانوو دەکاتەوە ئەگەر تاقەتی نەبێت خۆی سەرپەرشتی بکات پارە دەدات بە قۆنتەرات چییەک لە مودەیەکە خانوەکەی بۆ تەواو دەکات لەسەر داوای خۆی، ئەگەر سەیری بەشی سەرەوەی پەڕەکە بکەیت بەناوبانگترین Exploit kitەکان دەبینیت کە لەم ساتەدا بونیان هەیە و بۆ فرۆشتنن، لە پەڕەکەیا هەموو شتێک ڕوون کراوەتەوە وەک ئامادەیی بۆ توشبوون، وەشانی ئێکسپلۆیتەکە، زانیاری زیاتر دەبارەی، وە کار دەکەن سەر چ شتێک، ئەمە بەناوبانگتریانیان بۆ ساڵی 2014 -2015.

 

ئەمەش 10 باشترینیان بۆ ساڵی 2018

July 2018 Top 10 Malware

 

وەک دەبینین ئەم دانەیەیان ڕێگە بە هاککەرە دوورە دەستەکە دەدات کە هەڕەمەکیانە کردارەکە جێبەجێ بکات لەلایەن وێبسایتی دروستکراو بۆ ئەم مەبەستە، بە نموونە کاتێک Internet Explorer بەکار دەهێنیت و کلیک لە لینکێک دەکەیت کە دەتبات بۆ چەند شوێنێکی تر بەبێ ویستی خۆت کە نەتویستووە ئەو شتانە ببینیت، ئەوان لە ڕێگەی ئەم ئامادەی بۆ توشبوونەوە دەست دەگرن بەسەر ئامێرەکەتدا، وە شەرت نییە ئەوان پارە بدەن بەم ئێکسپلۆیتانە لەوانەیە بە ئۆنلاین دەستیان کەوتبێ، کە هەزارەها وێبسایت و سەرچاوە هەیە کە ئێسپلۆیتی نوێ بڵاو دەکەنەوە ئیتر بۆ مەبەستی خۆشی بێت یان بۆ ڕاهێنان و وەرگرتنی ئەزموون 

 

ئەمەش نموونەی Exploitێکی بەلاش لە GitHub

 

 

هاککەرەکان و کراککەرەکان و تاوانبارەکانی سەر ئینتەرنێت – Hackers Crackers and Cyber Criminals

کاتێک ئەو هەموو شتە دەبیستین پێویستە پرسیار لە خۆمان بکەین، ئەو شتە قێزەونانەی تر چین کە ڕوو دەدات کە پێویستە گرنگی پێ بدەین و نیگەرانی بین، سەرەتا هاککەرەکان و کراککەرەکان و تاوانبارەکانی ئینتەرنێت، ئەمەی کە دەیبینن چەناڵێکی چالاکی IRC – Internet Rely Chat هەر لە Credit Cardەوە هەتا Malware Virus و هاک کردن وەک خزمەتگوزاری دەفرۆشرێت، بەشێکی تری ئینتەرنێتە بەڵام وێب نییە، دەتوانیت لە IRC Clientەوە داخڵ بیت، هاککەر جۆری زۆرە یەکێک لەوانە کە وشەیەکی باوە لەناو خەڵکیدا پێیان دەوتری هاککەری کڵاو سپی (White Hat Hacker) یان هاککەری بە ئەخلاق (Ethical Hacker) مانای ئەوەیە کە هاک بۆ کاری باشە دەکەن، بۆ نموونە کەسێک کە لە بانکێک یان کۆمپانیایەک کار دەکات کە کاری پاراستنی زانیاری ئەو شوێنەو تاقیکردنەوەی سیستمەکانە بۆ ئەوەی بزانێت هەڵەی هەیە کە ببێتە خاڵی لاوازی یاخود نا وە ئەم کارە پێشی دەوترێت Penetration Testing کە لە بەرامبەردا بڕێک پارەی دیاریکراو وەردەگریت وەک فەرمانبەرێک، بەڵام ئەو شتەی کە ئێمە گرنگی پێ دەدەین هاککەری کڵاو ڕەشە (Black Hat Hacker) یاخود بە ئاسانی دەتوانیت پێیان بڵێیت تاوانبارەکان، ئەمانە چیتر ئەو مناڵانە نین کە لەماڵەوە دانیشن بۆ خۆشی هاک بکەن و چێژی لێ ببینن، بەڵکو بەکاری دەهێنن بۆ دزینی پارە لە تۆو کەسانی تر، وە گروپی هاککەر یان گروپی تاوانکارمان هەیە کە گەورەو بچوکیان هەیە ئەوانیش، لە شوێنێکی وەک دارک وێبدا پەیوەندی هەیە لە بەینی هاککەرەکان و تاوانبارەکاندا کە زانیاری و داتای کەسانی قوربانی دەگۆڕنەوە، ئەمانە پەیوەندییەکی بەقوەتیان نییە کە یەکتریان بینیبێت یان گوێیان لە دەنگی یەک بوبێت یان یەکتر بناسن، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕامیاری و ئەخلاقییان لە بەیندایە، پاشان جۆرێک هاککەرمان هەیە کە پێیان دەوترێت گورگی تەنها (Lone Wolf Hacker) مۆری ناسینەوەی ئەم جۆرە کەسانە بە شێوەیەکی بەربڵاو کەمێک ئەزموونیان هەیە، وە پێشیان دەوترێت script kiddies، لەبەر ئەوەی هەموو ئەوەی کە دەیزانن بەکارهێنانی سکریپتی کەسانی شارەزاو بە ئەزموونە کە لێیان کڕیون یاخود لێیان وەرگرتوون، وە وا دەزانم کە %95 هاککەرەکان Script kiddieن، بەڵام نابێت بە کەم حسابیان بۆ بکەیت، %5ەکەی تر بە ئەزموون و زیاتر مەترسیدارن، ئەمڕۆ هاککەرە بە ئەزموونەکان ئامڕازەکانی خۆیان کە دروستیان کردووە دەیفرۆشن بە کەم ئەزموونەکان، هەر بۆیە هاککەرە بێ ئەزموونەکانیش دەتوانن هێندەی بە ئەزموونەکان ترسناک بن.

 

 

 

ئەم زنجیرەیە ماوێتی، لەبەر زۆری بابەتەکەو کەمی کات بڕیارم دا نوێکردنەوەی بۆ بکەم، بۆیە ئەوانەی حەز دەکەن زیاتری لەسەر بخوێننەوە با جار جار سەیری بابەتەکە بکەن چونکە نوێ دەکریتەوە.

چێنەر

ژمارەی بابەتەکان: 7

بەڕێوبەری ماڵپەڕی فێرگە، نوسەر لە ماڵپەڕی درەختی گەشەپێدەران، گرافیک و وێب دیزاینەر و وێب پرۆگرامەر بەڵام ئەوەی کە زیاتر دیارە گرافیک دیزاینە، کار کردن لە بواری ئەنیمەیشن و موشن گرافیک، خوێندکاری زانستی، نوسەر و ناسێنەری بوارە جیاجیاکانی تەکنەلۆجیا، شارەزا لە بواری هاردوێر بۆ موبایلە زیرەکەکان و کۆنسلەکان.

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *