background

گەشەپێدانی فرەسەکۆ (Cross-Platform development)

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 873  بەروار : ئاب 23, 2016
cross-platform, بەرنامە, سەکۆ, گەشەپێدان
QR Code For:  گەشەپێدانی فرەسەکۆ (Cross-Platform development)

لە جیهانی تەکنەلۆژیادا چەندین سەکۆ هەن، وە هەریەکەیان بە شێوازێک بەرنامەی بۆ درووستدەکرێت. بەڵام ئەگەر بتەوێ بگەیتە زۆرترین بەکارهێنەر، دەبێت بەرنامەکەت بۆ زۆرتر لە یەک سەکۆ درووستبکەیت، بەو جۆرە بەرنامانە دەگوترێ Cross-platform یان فرەسەکۆ.

سەکۆ (Platform) تەختەیەکە کە وتار یان شانۆگەری لەسەر پێشکەش دەکرێ. بەڵام لە زانستی کۆمپیوتەر سەکۆ بۆ شتێک بەکاردێت کەوا یارمەتی درووستکردن و کارکردنی بەرنامەی (یان ڕەقەکاڵای) دیکە بدات و ببێتە بنچینە بۆیان. دوو جۆر سەکۆ هەن:

سەکۆی ڕەقەکاڵایی: ئەوە چینی ژێرەوەی ڕەقەکاڵای کۆمپیوتەر دەگرێتەوە، چەند نموونەیەک لەو جۆرە سەکۆیە: x86، x64 و ARM Architecture.

سەکۆی نەرمەکاڵایی: ئەو جۆرە سەکۆیە زۆرتر سیستەمەکانی کارپێکردن (OS) دەگرێتەوە، وەک: ویندۆز، macOS، iOS، ڵێنیکس، ئەندرۆید. بەڵام دەکرێ شتی دیکەش بگرێتەوە، بۆ نموونە فەیسبووک، کەوا هەزاران یاری و بەرنامەی لەسەر بنیاتنراوە.

سوپەر ماریۆ لەکاتی بازدانی لە سەکۆیەکەوە بۆ سەکۆیەکی دیکە.

سوپەر ماریۆ لەکاتی بازدانی لە سەکۆیەکەوە بۆ سەکۆیەکی دیکە.

ئەو سەکۆیانە چینێکی ئەبستڕاکشن دابین دەکەن بۆ میوانەکانیان(ئەو بەرنامانەی کە لەسەریان بونیاتنراون). بەوەش میوانەکان پێویست ناکا خەمی ئەرکە ئاست نزمەکان بخۆن، بۆ نموونە: کردارەکانی Input/Output، ناردنی فەرمان بۆ CPU و هتد. ئەوەش یارمەتی گەشەپێدەرەکە دەدا کە زۆرتر تەرکیز بخاتە سەر درووستکردنی بەرنامەکەی، وە ئەرکە قورسەکان بۆ پلاتفۆڕمەکەی جێبهێڵێت. وە هەموو پلاتفۆڕمەکان بە نزیکەیی هەمان خزمەتگوزاریی بۆ میوانەکانیان دابین دەکەن، بەڵام بە شێوە و ڕێژەی جیاواز.

هەر ئەو جیاوازییەش وادەکات بەرنامەیەک کە بۆ پلاتفۆڕمێک درووستکرابێت، لەسەر پلاتفۆڕمێکی دیکە کار نەکات، یان کێشەی بۆ درووست ببێت. وە درووستکردنی بەرنامەیەک کە لەسەر چەند پلاتفۆڕمێکی جیاواز کاربکات، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە.

لێرەدا باسی ڕێگایەکانی درووستکردنی بەرنامەی کڕۆس پلاتفۆڕم دەکەین، و زۆرتریش تەرکیز دەخەینە سەر بەرنامەی مۆبایل. لەبەر ئەوەی بابەتی گەشەپێدانی کڕۆس پلاتفۆڕم کەمێک قووڵە و ئاوی زۆری دەوێت.

بەرنامەی ڕەسەن (Native Apps)

لەو ڕێگایەدا بۆ هەر سەکۆیەک، بەرنامەیەکی تایبەت درووستدەکرێ بەو زمان و ئامرازانەی کە بە فەڕمی لەلایەن گەشەپێدەری ئەو سەکۆیەوە پشتگیریان دەکرێت. بۆ نموونە بۆ بەرنامەی ئەندرۆید، جاڤا و ئەندرۆید ستۆدیۆ بەکاردەهێندرێ و بۆ بەرنامەی iOSیش Objective-C یان سویفت لەگەڵ Xcode بەکاردەهێندرێت.

شێوازی ڕەسەن

یەکێک لە شێوازەکانی درووستکردنی بەرنامە ئەوەیە کە بۆ هەر سەکۆیەک، بەرنامەیەکی تایبەت درووستبکەیت.

ئەو جۆرە بەرنامانە چەندین لایەنی باشیان هەیە، بۆ نموونە: خێران، هەموو API و تایبتەمەندییەکانی سەکۆیەکانیان بۆ بەردەستە (وەک: کامێرا، فایل سیستەم، ئەکسلێرۆمێتەر، قیبلە نما، لیستی ناوەکان و هتد…) و دەتواندرێ لە ئەپ ستۆر بڵاوبکرێنەوە وە شێوەشیان لەگەڵ ئەو پلاتفۆڕمە دەگونجێ کە بۆیان درووستکراون. بەوەش ئەزموونێکی ڕازیکەر بە بەکارهێنەر دەبەخشن، چونکە بەکارهێنەرێکی ئەندرۆید حەزی لە بەرنامەیەک نییە کە شێوەی ڕووکارەکەی لە بەرنامەی ئایفۆن بچێت، وە پێچەوانەکەشی ڕاستە.

بەڵام گەورەترین لایەنی خراپی ئەو ڕێگایە ئەوەیە کە بۆ هەر سەکۆیەک دەبێ بەرنامەیەکی جیاواز درووستبکرێ، واتە ئەگەر بتەوێ بەرنامەیەک درووستبکەیت لەسەر ئایفۆن، ئەندرۆید و ویندۆز مۆبایل کاربکات، دەبێ سێ تیمی گەشەپێدانت هەبێت، سێ زمان و سێ کۆمەڵە ئامرازیش بەکاربهێنیت. وە کاتێک کە تایبەتمەندییەک زیاد دەکەیت، دەبێ بۆ هەر سێ بەرنامەکە زیادیان بکەیت و ئەگەری ئەوەش هەیە هەر یەک لە بەرنامەکان هەڵە و Bugی هاوبەش یاخود تایبەت بەخۆیان هەبێت. بە کورتی ئەو ڕێگایە کات و پارەیەکی زۆری تێدەچێت. وە تەنها کۆمپانیا گەورەکان دەتوانن ئەو تێچوونانە دابین بکەن، بۆ کۆمپانیا و تیمە بچووکەکان، ئەو ڕێگایە نزیک لە مەحاڵە.

وێبسایتی مۆبایل (Mobile Website)

بەهۆی پێشکەوتنی وێب و هاتنی HTML5، ئێستا لە هەمووکات ئاسانترە کە وێبسایتێکی جوان و ڕێک و پێکی ڕیسپۆنسڤ (Responsive) بە HTML و CSS و Javascript درووستبکەیت. وێبگەڕەکان کاش (Cache)، بیرگەی دەرهێڵ (Offline Storage) و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە بۆ وێبسایتەکان دابین دەکەن، بۆیە ئەگەر سوودیان لێوەربگیرێت ئەوا دەکرێ بڵێین لە زۆر حاڵەتدا، بۆ نموونە سایتە هەواڵییەکان، وێبسایت بە قەد بەرنامەیەک بەسوود دەبێت.

گەورەترین لایەنی باشی ئەو ڕێگەیە ئەوەیە کە وێبسایت بە شێوەیەکی نموونەیی لەسەر هەموو سەکۆیەک کاردەکات. بەڵام لەبەر ئەوەی جیهانی ڕاستەقینە نموونەیی نییە، بۆیە دەکرێ چەندین کێشە درووستببن. وە کارێکی زەحمەتیشە کە پشتگیری ئەو هەموو ئامێرە بە قەبارەی شاشە جیاواز، چڕی شاشەی جیاواز و وێبگەڕی جیاواز بکرێت. لەبەر ئەوەی هەر وێبگەڕەی کەمێک جیاوازتر لەوانەی دیکە پەڕەی وێب ڕێندەر دەکات.

جگە لەوەش، ئەو ڕێگایە چەند لایەنی خراپی دیکەی هەیە، بۆ نموونە زۆربەی API و تایبەتەمەندییاکانی ئامێرەکەی بەردەست نییە. وە هەروەها پێویستیشی بە ئینتەرنێتە بۆ کارکردن.

بەرنامەی دووڕەگ (Hybrid Apps)

بەرنامە دووڕەگەکان لە نێوان بەرنامەی ڕەسەن و وێبسایتن. وە زۆربەی جار بە تەکنەلۆژیاکانی وێب (HTML, CSS, JS) و بە یارمەتی فرەیموۆرکێک درووست دەکرێن (بۆ نموونە ئەپاچی کوردۆڤا Apache Cordova). بە شێوەیەکی بنەڕەتی وێبسایتێکن کە لەناو وێبگەڕی ڕەسەنی سەکۆیەکە پێچراون، بۆ نموونە UIView لە iOS و WebView لە ئەندرۆید. ئەو جۆرە بەرنامانە یەک جار درووست دەکرێن و لەسەر هەموو سەکۆیەک کاردەکەن. وە دەستیان دەگات بە بەشێک لە APIیەکانی ئامێرەکە، بەڵام هەمووی نا. بەڵکو بچووکترین ژێرەی هاوبەشی API یەکان بەردەستە. واتە تەنها ئەوانەی کە لە هەموو سەکۆکاندا هەن. وە بە پێچەوانەی وێبسایت، ئەو جۆرە بەرنامەیە دەکرێ لە ئەپ ستۆر دابندرێت و پێویستیشی بە ئینتەرنێت نییە.

لەبەر ئەوەی کە ئەو جۆرە بەرنامانەش هەر بە تەکنەلۆژیاکانی وێب درووستکراون، بۆیە هەندێک لە لایەنە خراپەکانی وێبسایتیان هەیە، بۆ نموونە دەکری دوو مۆبایل بە دوو شێوەی جیاواز ڕیندەریان بکات، وە هەروەها هەروەک وێبسایتیش، ناتوانن ڕووکاری ڕەسەنی سەکۆیەکە وەربگرن. لەگەڵ ئەوەش ئەو جۆرە بەرنامانە خاوترن لە بەرنامەی ڕەسەن، بۆیە ناکرێت بەرنامەی گەورە و ئاڵۆز بەو ڕێگایە درووستبکرێت.

جیاکردنەوەی کۆدی لۆجیک لە کۆدی ڕووکار

یەکێکی دیکە لە ڕێگایەکان ئەوەیە کە بەشێک لە کۆدەکە هاوبەش بێت لە نێوان هەموو سەکۆیەکان و بۆ هەر سەکۆیەکیش، ڕووکارێکی تایبەت درووستبکرێت. زامارین (Xamarin) یەکێکە لە باشترین نموونەکانی ئەو ڕێگایە. ڕێگەت پێدەدا بە C# بەرنامەی ئەندرۆید، iOS، ویندۆز و macOS درووستبکەیت. لە زامارین، کۆدی بزنز لۆجیک (Bussiness Logic) یاخود بەشی دواوە Back-end هاوبەش دەبێت لە نێوان هەموو سەکۆیەکان، بەمەش بە نزیکەیی ٥٠٪- ٨٠٪ کۆدەکە یەک جار دەنووسرێت و لە هەموو سەکۆیەکان بەکاردەهێندرێتەوە.

شێوازی زامارین

لە زاماریندا، دەتوانی بەشێکی کۆدەکەت هاوبەش بێت لە نێوان بەرنامەکانی هەموو سەکۆیەکاندا.

ڕێژەی ئەو کۆدە هاوبەشەش دەگەڕێتەوە سەر بەرنامەکە. وە هەروەها ئەو بەرنامانەی بە زامارین درووست دەکرێن، کۆمپایل دەکرێن و لە ڕووی خێراییەوە شان لە شانی بەرنامەی ڕەسەن دەدەن، وە لە زۆر حاڵەتدا لە بەرنامە ڕەسەنەکانیش خێراترن. هەموو API یەکانیش بەردەستن، وە هەرەوەها ڕووکاری بەرنامەکەش هەر وەک بەرنامەیەکی ڕەسەنە.

لە کۆتاییدا

لە کۆتاییدا ئەو ڕێگایەی کە هەڵیدەبژێری دەگەڕێتەوە سەر ئەو بەرنامەیەی کە درووستی دەکەی، شارەزایی خۆت و کات و پارەی بەردەست. وە دەشکرێ لە داهاتوودا ئەو ڕێگایانە بگۆڕدرێن و ڕێگای نوێش پەیداببێت.

محمد یاسین

ژمارەی بابەتەکان: 21

قوتابی بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *