background

پەستاندی زانیاریەکان (Data Compression) چیە؟

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 476  بەروار : حوزه‌یران 17, 2016
compression, data, data compression
QR Code For:  پەستاندی زانیاریەکان (Data Compression) چیە؟

پێشەکی

یەکێکی تر لەو زاراوانەی گوێبیستیان دەبین یان دەبێت لەبارەیەوە بزانی ئەویش بریتیە لە Data Compression یان پەستاندنی زانیاریەکان(گەر بکرێتە کوردی ) لقێکی زۆر گرنگی زانستی کۆمپیتەرە بە جۆرێک کە لەگەڵ سەرەکیترین بیرۆکەی کۆمپیتەر کاردەکات ئەویش زانیاریەکانە و شێوازی پێشکەشکردنیان، لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم سەرەتایەک باسبکەم بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکمان هەبێت کە چیە

گرنگی

زۆر جار کاتێک شتێک باسدەکەین گرنگیەکەی دەبێت بڵێین ئەم بابەتەش بەدەر نیە، ئێمە پێمان خۆشبێت و پێمان ناخۆش بێت دەبێت ئەوە بزانین کە مرۆڤ شتێکی زۆر بەسوودی بۆخۆی دروست کردوە کە کۆمپیتەرە بۆ چارەسەرکردن و ئاسانکردنی زۆر کار بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی زۆری بۆخۆی دروست کردووە کێشەی کەمی شوێن بۆ هەڵگرتنی زانیاریەکان و گەورەیی قەبارەی زانیاریەکان دەبوو چارەسەر بکرێت بۆیە ئەم زانستە داهێندراوە لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو زانیاریانەی کە ئێمە بەکاریان دەهێنین پریەتی لە پارچەی دووبارە کە دەشێت بە شێوازێک لە شێوازەکان وایان لێبکەین کە پارچە دووبارەکان هەڵنەگیرێن ئەوا کارێکی زۆر باش دەبێت، بەڵام شتەکە لێرەدا کۆتایی نایەت وا دابنێ هێڵی ئینتەرنێتەکەت کەمێک خاوە یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوەیە کە هێڵەکە خێرا بکەین یان تەکنەلۆجیایەکە بگۆرین بەڵام چارەسەرێکی تر هەیە من دەتوانم ئەو زانیاریەی کە دەینێرم قەبارەی زۆر بچوک بێت کە هێڵەکەمان کێشەی لەگەڵی نەبێت ئەوەشیان کارێکی ئاسان نیە بیکەین بۆیە گەر سەیر بکەیت دوو کێشەی زۆر گەورە چارەسەر دەکات.

کەمێک زیاتر

باسێکی زیاتری بکەین بە کورترین پێناسەی پەستاندنی زانیاریەکان بریتیە لە: نیشاندانی زانیاریەکان بە شێوازێکی زۆر چرو پر، ئێمە وەک باسی پەستاندنی زانیاریەکان دەکەین واتە بچوکردنەوەی قەبارەکانیان لەوانەشە کاتێب باسی بچوکردنەوەی قەبارەی بۆ نموونە پەرگەیەک(file) دەکەین بیرمان بۆ Zip  و rar بچێت یان هەندێ شتی تر بەڵی بیرکردنەوەکەت راستە ئەمان چەند ئەلگۆریثمێکن کە دانراون بۆ کۆکردنەوەو بچوکردنەوەی پەرگەکان

هەموو کەسێک دەتوانێت

هەموو کەسێک دەتوانێت رێگایەک دابهێنێت بۆ بچوکردنەوە و پەستاندنی پەرگەکان لە راستیدا زانستەکە پێویستی بە بیرکاریەکی ئاسایی هەیە و کەمێک مێشکێکی کراوەو بیرکردنەوەیەکی زۆر تۆ هەر جۆرە پەرگەیەک هەڵدەبژێریت هەمووی لە ژمارەی هێکسا (Hexa Numbers) پێکهاتووە یان لە جۆرێک بۆ جۆرێکی تر دەگۆردرێت تۆ تەنها لەسەرتە شتە دووبارەکان لاببەیت بەبێ ئەوەی کاردانەوەی هەبێت لەسەر پەرگەکە

نموونە

یەک نموونە وەرگرین تۆ چۆن دەتوانیت ئەم نوسینە بچوک بکەیتەوە aaaaaabbbbbbbbcccccc ئەوە گەر بزانیت نوسینەکەت لەم شێوازە دەبێت بەڵام نازانیت چەند پیت بەدوای یەکەوە دێن دەتوانیت بەم شێوازە بچوکیان بکەیتەوە a6b8c6 سەرنج بدە ئێمە لێرەدا توانیمان لەجیاتی 20 پیت هەڵبگرین تەنها 6 پیت دەتوانین هەڵبگرین و بیگەرێنینەوە سەر باری ئاسایی خۆی بەوەی هەر پیتێک بکەم بە دوو بەش دەڵێم پیتی a دەتوانم 6 جار لەدوای یەک دووبارە بکەمەوە هەروەها بەم شێوەیە هەموو پیتەکانی تر دەکەم و نوسینە بنەرەتیەکە بەدەس دەهێنمەوە.

رێژەی پەستاندن(Compression Ratio)

ئێمە کاتێک کارێکی وەک لەوەی سەرەوە دەکەین دەبێت بزانینن کە ئەو کارەی کە کردوومانە تا چەند بەکەڵکە چوونکە هەندێک جار ئەوەندە کات و هێزەی لە پەستاندنی زانیاریەکە بەسەری دەبەیت کاریگەری زۆری نابێت و پەرگەکە زۆر بچوک نابێتەوە بۆیە نەیکەت باشترە، هاوکێشەیەکی سادە هەیە کە پێمان نیشان دەدات کە رێژەی پەستاندنەکەمان چەندە بەم شێوەیە نیشان دەدرێت

R={Uncompressed Data Size}/{Compressed Data Size}

واتە قەبارەی پەرگەکە یان زانیاریەکە پێش پەستان دابەش قەبارەکەی دوای پەستاندن، هەروەها یاسایەکی تر هەیە بۆی ئەوەی بزانین کە پەرگە پەستاوەکەمان چەند شوێنی پێویستە وەک لە پەرگە بنەرەتیەکە واتە توانیومانە چەند لەو شوێنە گیراوە کەم بکەینەوە کە پەرگە بنەرەتیەکەمان پێویستی پێی بووە بۆ هەڵگرتن یاسایەکە بەم شێوەیە

Space Saving=(1 - {{Compressed Data Size}/{Uncompressed Data Size}})*100

کە رێژەی سەدی نیشان دەدات و دەڵیت سەدا ئەوەندە شوێنی پێویست کەمکردەوە کە پێویست بوو بۆ هەڵگرتنی پەرگە بنەرەتیەکە

 

شێوازەکانی پەستاندنی زانیاری (Data Compression Technique)

دوو شێواز یان دوو تەکنیکمان هەیە بۆ پەستاندنی زانیاریەکان کە بەم شێوەیەن

1- جۆرێک پەستاندن هەیە کە دەبێت لە کاتی گۆرینەوەی زانیارە پەستێوراوەکە بۆ زانیاریە بنەرەتیەکە هەمان ئەنجامان بۆ دەربچێت بەبێ بچوکترین گۆرانکاریش ئەم جۆرە پێی دەڵێن Lossless Compression واتە ناکرێت تەنانەت یەک  bit یش جیاوازی هەبێت لەگەڵ زانیاریە بنەرەتیەکە نموونەی ئەم جۆرە ئەوەیە وەک لەسەرەوە باسمان کرد کە نووسینە چونکە بە گۆرینی یەک بیت ئەوا هەموو زانیاریەکە مانای لەدەست دەدات

 

2- جۆری دووەم رێک پێچەوانەی ئەوەیە دەشێت کەمێک زانیاری بزر ببێت واتە ئێمە  لە کاتی گۆرینەوەی زانیارە پەستێوراوەکە بۆ زانیاریە بنەرەتیەکە هەمان شت بەرهەم ناهێنینەوە بەڵکو نزیک کراوەیەک لەو نموونە بۆ ئەم جۆرەیان بریتیە لە JPEG کە بۆ وێنەکان بەکار دەهێندرێت و فەیسبووک بەکاری دەهێنێت کاتێک وێنەیەکی زۆر گەورە دادەنێت لێت تێکدەدات زاراوە ئینگلیزیەکەی Lossy Compression ە.

لە کۆتایی

هەر ئەو قسەیەی لە کۆتای هەموو بابەتێک دەیکەم تەنها یەک دڵۆپم باسکردووە لە دەریایەک بە هیوای سوود وەرگرتن.

ئارام

ژمارەی بابەتەکان: 77

ئەندازیاری پرۆگرامسازی لە هەندێک کۆمپانیای ناوخۆ و دەرەکی کاری پرۆگرامسازیم کردووە لەوانە ( Dwrandaz, Jiasaz, Lezzoo ,Avesta Group , Lucid ,GIGANT, eDRV) هەروەها هاودەمەزرێنەری کۆمپانیای Hesta ی پرۆگرامسازیم حەز بە دروستکردنی سیستەم و وێب ئەپلیکەیشن دەکەم.