background

بەکارهێنانی گیت و گیتهەب: بەشی سێیەم

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 1716  بەروار : ته‌مموز 17, 2017
git, github, open source, vcs
QR Code For:  بەکارهێنانی گیت و گیتهەب: بەشی سێیەم

ئەو وتارە بەشێکە لە زنجیرە وتارێک دەربارەی بەکارهێنانی گیت و گیتهەب. لە بەشی سێیەم دا باسی بەڕێوەبردنی پڕۆژە لە گیتهەب و کارکردن بە هەرەوەزی دەکەین. بەشەکانی دیکەی ئەو زنجیرە وتارە:

گوتمان گیت ئەو ئامرازەیە کە مێژووی پڕۆژەکەت بۆ تۆمار دەکات و ڕێگات دەدا هەرکاتێک ویستت وەشانەکانی پێشووتری پڕۆژەکەت ببینی و گۆڕانکارییەکانت پێچەوانە بکەیتەوە، ئەی کاری گیتهەب چییە؟ جگە لە هۆست کردنی ڕیپۆزیتۆرییەکانت، گیتهەب چەندین ئامرازی زۆر باشت بۆ دابین دەکات بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکەت و ئاسانکاری بۆ کارکردن بە تیم. لەو وتارە باسی هەندێکیان دەکەین.

Issue

لە کاتی بوونی هەر ڕەخنە، پێشنیار، پرسیار یانیش دۆزینەوەی هەڵەیەک لە پڕۆژەیەک، بەکارهێنەران و پەرەپێدەرانی هەر پڕۆژەیەک، Issue (کێشە، باس، بابەت) یەکی نوێ زیاد دەکەن بۆ ڕیپۆزیتۆری پڕۆژەکە. لەو Issue ـەکەدا بیرۆکە یان کێشەکەیان بە باشی ڕوون دەکەنەوە و بەکارهێنەرانی دیکە یانیش پەرەپێدەران دەتوانن وەڵامیان بدەنەوە و کاری لەسەر بکەن.

بۆ زیادکردنی Issue یكی نوێ:

١. بڕۆ تابی “Issues” و دوگمەی “New Issue” داگرە
٢. ناونیشانێک بۆ Issue ـەکە بنووسە
٣. بە درێژی باس لە بیرۆکە/کێشە/ڕەخنە/پێشنیارەکەت بکە
٤. لە بەشی Assignees ئەو کەسە هەڵبژێرە کە دەتەوێ بەرپرسیاری تەواوکردنی Issue ـەکەی بکەوێتە ئەستۆ. ئەگەر تەنیا خۆت کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەیت، خۆت دابنێ.
٥. لە Labels دەتوانی تاگی Issue ـەکە بکەی، بۆ ئەوەی بزانی ئەو Issue دەربارەی چییە. GitHub بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەندێک Labelی هەیە وەك: bug, duplicate, wontfix و هتد.. بەڵام دەتشتوانی Labelی دیکەش بۆ پڕۆژەکەت زیاد بکەیت.
٦. Project بۆ ئەوە بەکاردێت کە Issue ـەکان پۆلێن بکەیت و هەمووی لەسەر یەک بۆڕد ببینی
٧. Milestone بۆ چاودێری بەرەوپێشجوونی پڕۆژەکە بەکاردێت، بۆ نموونە لەوانەیە بتەوێ کۆمەڵە Issue ێک تا وەشانی ١.٠ تەواو بکرێن، ئەوکات Milestone ێک بە ناوی Version 1.0 درووست دەکەی و هەموو Issue ـە پەیوەندی دارەکانی زیاد دەکەی.
٨. کلیک لەسەر “Submit new Issue” بکە

ئێستا هەموو کەس دەتوانێ بە نووسینی کۆمێنت بەشداربێت لە تاوتوێکردنی Issue ـەکە.

لە کاتی چارەسەربوونی کێشەکە یانیش تەواوبوونی تاوتوێکردنی پێشنیارەکە، دەتوانی Issue ـەکە دابخەیت بە داگرتنی دوگمەی “Close Issue”. یانیش دەتوانی بەهۆی مەسجی کۆمیتەوە Issue ـەکە دابخەیت.

Wiki

لەو بەشەیان باسی چۆنییەتی بەکارهێنان، Build کردن و بەشداری کردن لە پڕۆژەکە دەکەی، وە دەتوانی پرسیاری هەمیشە دووبارەبووەکانیش لێرە وەڵام بدەیەوە. بەشێوەیەکی ئاسایی هەموو کەس دەتوانێ دەستکاری Wiki پڕۆژەکەت بکات، بەڵام لە Settings دەتوانی وای لێبکەی کە تەنها بەشداربووانی (Collaborator)ی پڕۆژەکەت بتوانن دەستکاری Wiki بکەن.

پەڕەکانی Wikiی GitHub (و هەموو ئەو فایلانەی دیکە کە پاشگری .md یان هەیە. واتا README.md یش) بە زمانی Markdown دەنووسرێن، کە زمانێکی زۆر سادە و ئاسانە بۆ بەکارهێنان. بەڵام بە داخەوە تا ئێستا پشتگیری زمانە ڕاست بۆ چەپەکان (RTL) ناکات. بۆیە ناتواندرێ بۆ کوردی بەکاربهێندرێ. دەتوانی لێرە زۆرتر فێرببی لەسەر سینتاکسی Markdown .

کارکردنی هەرەوەزی

خەڵکانی دیکە، تەنها دەسەڵاتی Read-Only Access یان هەیە لە ڕیپۆزیتۆرییەکەت، واتا ناتوانن دەستکاری فایلەکان بکەن و کۆمیت بکەن. بۆیە دوو ڕێگا هەیە کە بتوانی بەشداری بکەی لە پەرەپێدانی هەر پڕۆژەیەک لە گیتهەب:

  • زیادکردنی کەسەکە وەک Collaborator
  • لەتکردنی (Fork)ی پڕۆژەکە

زیادکردنی کەسەکە وەک Collaborator

بە زیادکردنی کەسێک وە Collaborator خاوەنی پڕۆژەکە چەندین دەسەڵاتی پێدەدا، وەک: Commit کردن، Pull، Push و چەندانی دیکە، بۆ بینینی لیستی تەواوی دەسەڵاتەکانی Collaborator لە گیتهەب، سەردانی ئێرە بکە. واتە Collaborator ەکان بە ئاسانی دەتوانن بەشداری بکەن لە پڕۆژەکە بەبێ ئەوەی پێویست بکا پڕۆژەکە Fork بکەن.

بۆ زیادکردنی کەسانی دیکە وەک Collaborator دەتوانی بچیتە: Settings > Collaborators

لەتکردنی پڕۆژەکە

Collaborator دەسەڵاتی زۆری هەیە، بۆیە ناکرێ بدرێتە هەموو کەس. بۆیە بۆ بەشداری کردن لە زۆربەی پڕۆژەکان دەبێت سەرەتا پڕۆژەکە Fork بکەیت و دەستکارییەکانی خۆت بکەی و دواتری Pull Request ێک بنێری بۆ خاوەن پڕۆژەکە. بەو شێوەیە هەموو کەس دەتوانن بەشداربن لە پەرەپێدان و باشترکردنی پڕۆژەکە بەبێ ئەوەی دەسەڵاتەکانی Collaborator یان هەبێت.

لە کاتی لەتکردنی پڕۆژەیەک، کۆپییەکی ڕیپۆزیتۆرییەکە دێتە سەر ئەکاونتی تۆ. بۆیە بە هەر شێوەیەک بتەوێ، دەتوانی دەستکاری کۆپییەکەی خۆت بکەیت. وەک ڕاهێنانێکی پڕاکتیکی گیتهەب ڕیپۆزیتۆرییەکی تایبەتی داناوە تەنها بۆ ئەوەی خەڵک لەتی بکەن و تاقیکردنەوەی لەسەر بکەن. بەوەش زۆر باش دەتوانی فێری پڕۆسەکە ببیت. وەکو ڕاهێنانێک، بڕۆ ڕیپۆزیتۆرییەکە لەت بکە و هەندێک گۆڕانکاری تێدا بکە و دواتریش Pull Request ێک بنێرە:

١. بڕۆ https://github.com/octocat/Spoon-Knife و کلیک لەسەر دوگمەی “Fork” بکە.


٢. ئێستا دەبینین کۆپییەکی پڕۆژەکە زیاد بووە بۆ ئەکاونتەکەمان. ئێستا کۆپییەکەی خۆمان کلۆن دەکەینە سەر کۆمپیوتەرەکەمان بۆ ئەوەی دەستکاری بکەین. بۆ ئەوەش کلیک لەسەر “Clone or download” بکە و دواتریش “Open in Desktop” داگرە.


٣. ئێستا دەبینین بەرنامەی گیتهبە دەبێتەوە و داوامان لێدەکا شوێنێک هەڵبژێرین بۆ ئەوەی ڕیپۆزیتۆرییەکەی تێدا خەزن بکەین


٤. ئێستا کلیک لەسەر “Repository > Show in Explorer” بکە بۆ ئەوەی فۆڵدەری ڕیپۆزیتۆرییەکە ببێتەوە
٥. هەندێک دەستکاری فایلەکان بکە و گۆڕانکارییەکان کۆمیت بکە و کۆمیتەکەت Push بکە

٦. ئێستا بگەڕێەوە ڕیپۆزیتۆرییەکەت لەسەر گیتهەب، دەبینی دوگمەیەک هەیە لەسەری نووسراوە “New Pull Request”.

٧. ئێستا Pull Request ـەکە درووست بوو و گەشەپێدەرەکانی پڕۆژەکە دەیبینن. لەوانەیە هەندێک تێبینی یان پێشنیاریان لەسەر گۆڕانکارییەکان هەبێت، لەو حاڵەتەدا دەتوانی گۆڕانکاری زۆرتر لە پڕۆژەکە بکەیت و کۆمیتی بکەیت و دواتر کە Push ت کرد، ڕاستەوخۆ بۆ ئەو Pull Request ـە زیاد دەبێت.

٨. ئەگەر بەڕێوەبەری پڕۆژەکە زانی Pull Request ـەکە کێشەی نییە و پڕۆژەکە بەرەوپێش دەبات، ئەوا “Merge Pull Request” دادەگرێت و بەوەش هەموو گۆڕانکارییەکان بۆ پڕۆژەکە زیاد دەبن.

 

تێبینی:

هێشتا زۆر شت ماون لەسەر فێربوونی گیت و گیتهەب، ئەو دوو کۆڕسە زۆر شت باس دەکەن کە لێرەدا ناتوانم بە درێژی باسیان بکەم:

١. گیتهەب بۆ بەکارهێنەرانی ویندۆز
٢. چۆنییەتی بەکارهێنانی گیت و گیتهەب

محمد یاسین

ژمارەی بابەتەکان: 21

قوتابی بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *