background

بەکارهێنانی گیت و گیتهەب: بەشی دووەم

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 1655  بەروار : حوزه‌یران 11, 2017
git, github, open source, vcs
QR Code For:  بەکارهێنانی گیت و گیتهەب: بەشی دووەم

لە وتاری پێشتر باسێکی گشتیی گیت و گیتهەبمان کرد و جیاوازی و ئەرکی هەردووکیانمان ڕوونکردەوە. لەو بەشەیاندا باسی ئەوە دەکەین چۆن بتوانین گیت لەسەر کۆمپیوتەرەکانمان دابنێین. بەکارهێنانی گیت بە مانای ئەوە نایێ کە تۆ واز لە ئێدیتەر یان IDE خۆت بهێنی، بەڵکو تۆ فایلەکان بە هەر بەرنامەیەک دەستکاری دەکەیت کە پێت خۆشە و کاری گیت تەنها تۆمارکردنی گۆڕانکارییەکانە، کاری گیتهەبیش ئەوەیە ڕێپۆزیتۆرییەکت بۆ هۆست بکات لەسەر وێبسایتەکەی و کار ئاسانی بکات بۆ کارکردن بە گرووپ.

بەشەکانی دیکەی ئەو زنجیرە وتارە:

گیت بەرنامەیەکی Command Line ـە، واتا GUI نییە و پێویست دەکات لە ڕێگای CMD, PowerShell یانیش Terminal بەکاربێت. بەڵام جۆرێک بەرنامە هەن پێیان دەگوترێ Git Client کە GUI یێکی جوانیان هەیە و زۆربەی کارەکانی گیتیان پێدەکرێت. لە ڕاستیدا لە ژێرەوە ئەوانیش هەموو کۆماندەکان بۆ گیت git.exe دەنێرنەوە. واتە تەنها وەک ڕووکارێک (Interface) کار دەکەکەن بۆ گیت. زۆر جۆر Git Client مان هەیە و دەتوانی لێرە هەموویان ببینی. بەڵام ئێمە لەو زنجیرە وتارە ئەوەندەی بکرێ Git Client ێک بەکاردەهێنین کە تایبەتە بە گیتهەب و ناوی GitHub Desktop ـە.

گیت بەرنامەیەکی کۆماند لاینە و دەتوانی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تێرنیماڵ یان پاوەرشێڵ بەکاری بێنی

زۆر باشە، سەرەتا دەچین GitHub Desktop دادەبەزێنین. کە بەرنامەیەکی زۆر جوانە و بەکارهێنانیشی ئاسانە. بۆ سیستەمی ویندۆز و ماک و ڵێنیکس بەردەستە. پێویسیت ناکا گیت داببەزێنی، لەبەر ئەوەی ئەو بەرنامەیە گیتیشت بۆ دادەمەزرێنێت و هیچ کێشەیەت نابێت. خۆی گیت بەرنامەیەکی Command line ـە و GUI نییە. هەر بۆیە زۆر کەس حەز دەکەن بەرنامەیەکی وەکو ئەوەی گیتهەب بەکاربهێنن کە کارەکانیان بۆ ئاسانتر دەکات. بەڵام لە بنەڕەتدا، بەرنامەکەی گیتهەبیش هەر گیت بەکاردەهێنیت و کۆماندەکان بۆ ئەو دەنێرێت، واتە وەک ڕووکارێک (Interface) ێک کار دەکات لە نێوان تۆ و گیت.

درووستکردنی ڕیپۆزیتۆری لۆکاڵ (Local)

١. بۆ درووستکردنی ڕیپۆزیتۆرییەکی ناوخۆ لە GitHub Desktop دا بڕۆ: File > New Repository
٢. ناوێک بۆ ڕیپۆزیتۆرییەکەت هەڵبژێرە
٣. دواتر لە Local Path شوێنی هەڵگرتنی ڕیپۆزیتۆرییەکە هەڵبژێرە
٤. سەح لە “Initialize this repository with a README” بدە.

٥. لە Git ignore ئەو زمانە یان ئەو IDE یە هەڵبژێرە کە بەکاری دەهێنی. git ignore فایلێکە کە تێێدا هەموو ئەو فایل یان ئیکستێنشنانەی تێدایە کە دەتەوێ گیت پشتگوێیان بخات. واتە هیچ یەک لە گۆڕانکارییەکانیان تۆمار ناکرێت. بۆ نموونە ئەگەر Visual Studio هەڵبژێری، ئەوا گیت هەموو فایلەکانی ناو فۆڵدەرەکانی Release و Debug پشتگوێ دەخات. لەبەر ئەوەی هەر چەند جاری پڕۆژەکە Build بکرێ، Visual Studio ئەو فایلانە درووست دەکاتەوە بۆیە پێویست ناکات (و باشیش نییە) گیت گۆڕانکارییەکانیان تۆمار بکات.

٦. لە License یش ئەو مۆڵەتە هەڵبژێرە کە دەتەوێ بۆ پڕۆژەکەتی دابنێێ. هەر مۆڵەتەی دەسەڵات و مافی جیاواز دەداتە تۆ (درووستکەری پڕۆژەکە) و بەکارهێنەرانی پڕۆژەکەت. بۆ زانیاری زۆرتر لەسەر جیاوازی مۆڵەتەکان دەتوانی سەیری ئێرە بکەیت.

٧. Create Repository داگرە

یەکەم کۆمیتی لۆکاڵ

زۆر باشە، ئێستا ڕیپۆزیتۆرییەکەمان درووست بوو. ئێستا بڕۆ ئەو فۆڵدەرەی کە لە Local Path بۆ ڕیپۆزیتۆرییەکەت هەڵبژارد. دەبینین چەند فایلێکی تێدایە. تێبینی بکە فۆڵدەرێکی تێدایە بەناوی .git ئەو فۆڵدەرە هەموو مێژووی ڕیپۆزیتۆرییەکەتی تێدایە و ئەگەر بیسڕیتەوە، ئەوا ڕیپۆزیتۆرییەکە نامێنێ و دەبێتە فۆڵدەرێکی ئاسایی. فایلی .gitignore یش هەموو ئەو فایل و فۆڵدەر و ئیکستێنشنانەی تێدایە کە گیت پشتگوێیان دەخات بۆ ئەو ڕیپۆزیتۆرییە

ئەو فایل و فۆڵدەرانەی کە GitHub Desktop خۆی بۆت درووست دەکات (ئەگەر لە کاتی درووستکردنی ڕیپۆزیتۆرییەکە داوای لێ بکەی)

١. ئێستا لە ناوی فۆڵدەری ڕیپۆزیتۆرییەکە فایلێکی نوێ درووست بکە بە ناوی: “another file.txt” و فایلەکە بە هەر بەرنامەیەک بکەوە کە پێت خۆشە و هەندێک دەستکاری بکە و دواتر Save ی بکە.

٢. دواتریش بڕۆ “README.md” یش بکەوە و ناوەڕۆکەکەی بەو شێوەیە لێبکە:

# My second repo :octocat:

This is my second repository which I created by using GitHub desktop :smile:

٢. بەرنامەی گیتهەب بکەوە، دەبینین هەردوو گۆڕانکاریمان نیشان دەدا. بۆ هەڵوەشاندنەوەی گۆڕانکارییەکانی هەر یەک لە فایلەکان، دەتوانین کلیکی لای ڕاستی لەسەر بکەین و “Discard Changes” دابگرین.
٣. ئێستا کەمێک باسی گۆڕانکارییەکانت بکە لە Message
٤. گۆڕانکارییەکان کۆمیت بکە.

سەیرکردنی مێژووی ڕیپۆزیتۆرییەکە

هەر وەک چۆن لە وێبسایتی گیتهەب دەتتوانی سەیری مێژووی ڕیپۆزیتۆرییەکە بکەی، لێرەش دەتوانی هەموو کۆمیتەکانی پێشووتر ببینی:

Publish کردنی ڕیپۆزیتۆرییە لۆکاڵەکە

تا ئێستا هەموو گۆڕانکارییەکانمان هەر لەسەر کۆمپیوتەری خۆمان بوون. بەڵام ئەگەر بمانەوێ خەڵکانی دیکەش بەشداربن لەگەڵمان لە پڕۆژەکەدا، دەبێ سەرەتا پڕۆژەکە بڵاوبکەینەوە لە GitHub.

١. کلیک لەسەر Publish Repository بکە.
٢. ناوێک بۆ ڕیپۆزیتۆرییەکەت هەڵبژێرە
٣. وەسفێکی پڕۆژەکەشت بکە
٤. Publish Repository داگرە.

ئێستا لە بەرنامەکە بڕۆ Repository > View On GitHub. دەبینی ڕیپۆزیتۆرییەکەت ئێسا لەسەر ویبسایتی گیتهەبە و هەموو گۆڕانکارییەکانیشی تێدایە.

لەبەرگرتنەوەی (Clone)ی ڕیپۆزیتۆرییەکی ڕیمۆوت (Remote)

لە بەشی پێشووتر باسی ئەوەمان کرد کە چۆن بتوانین لە GitHub Desktop ڕیپۆزیتۆرییەکی نوێ درووست بکەین و دواتریش ڕیپۆزیتۆرییەکەمان بڵاکردەوە. بەڵام ئەی ئەگەر ئەو ڕیپۆزیتۆرییەکەی کە دەمانەوێ پێشتر بڵاوکرابۆوە و ئێستا بمانەوێ لەسەر کۆمپیوتەرەکەمانی دابنێین؟ بۆ ئەوە پێویستە ڕیپۆزیتۆرییەکە Clone بکەین. بۆ نموونە ئەگەر ویستمان ڕیپۆزیتۆری hello-world ـەکەمان دابەزێنە سەر کۆمپیوتەر بۆ ئەوەی بتوانین کاری لەسەر بکەین:

١. بڕۆ File > Clone Repository
٢. یەکەمجار URL ڕیپۆزیتۆرییەکە لەسەر وێبسایتی گیتهەب بنووسە
٣. دواتریش شوێنێک بۆ ڕیپۆزیتۆرییەکە لەسەر کۆمپیوتەرەکەت دیاری بکە
٤. Clone داگرە

کارکردنی لەگەڵ ڕیپۆزیتۆری جیاواز

کە ڕیپۆزیتۆری hello-world ـەکەمان Clone کرد، بەرنامەی گیتهەب ڕاستەوخۆ زانیارییەکانی ئەو hello-world ی نیشاندا. بۆ ئەوەی بچینەوە سەر ڕیپۆزیتۆرییەکەی دیکە:

١. کلیک لەسەر Current Repository بکە، دەبینی لیستی ڕیپۆزیتۆرییەکانت نیشان دەدا.
٢. کلیک لەسەر second-repo بکە

Push و Pull

گیت Distributed Version Control ـە. واتە ئەگەر وای دابنێی تۆ و هاوڕێکەت لەسەر هەمان ڕیپۆزیتۆری کاردەکەن. ئەوا هەر یەکەتان کۆپییەکی تەواوی ڕیپۆزیتۆرییەکەتان لەسەر کۆمپیوتەرەکەتان دەبێت، ئەو دوو کۆپییانە پێیان دەگوترێ لۆکاڵ. وە کۆپییەکی دیکەش لەسەر سێرڤەرێک هۆست دەکرێ (کە لێرە ئێمە گیتهەب بەکار دەهێنین) و ئەوەیان پێی دەگوترێ ڕیمۆوت (Remote) یانیش Origin. تۆ کار لەسەر ڕیپۆزیتۆرییە لۆکاڵەکەی خۆت دەکەیت و گۆڕانکارییەکانت کۆمیت دەکەیت. هاوڕێکەشت کار لەسەر ڕیپۆزیتۆرییە لۆکاڵەکەی خۆی دەکات و گۆڕانکارییەکانی خۆی کۆمیت دەکات. دواتر تۆ کۆمیتەکانی خۆت Push دەکەیت، واتا کۆمیتەکانت دەنێرییە ڕیپۆزیتۆری Origin. دواتریش هاوڕێەکت کۆمیتەکانی تۆ Pull دەکات. واتە کۆمیتە نوێیەکان لە Origin وەر دەگرێت بۆ ڕیپۆزیتۆرییە لۆکاڵەکەی خۆی. بەو شێوەیە هەردوولا دەتوانن گۆڕانکارییەکانی خۆتان بگۆڕنەوە.

بۆ دابەزاندنی کۆمیتە نوێیەکانی سێرڤەر:

١. بڕۆ وێبسایتی گیتهەب و ڕیپۆزیتۆری second-repo بکەوە
٢. یەکێک لە فایلەکان دەستکاری بکە و کۆمیتی بکە
٣. ئێستا لە بەرنامەی گیتهەب بڕۆ Repository > Pull.
٤. ئێستا دەبینین ئەو گۆڕانکارییەی کە لەسەر وێبسایتی گیتهەب کردمان، هاتۆتە ناو ڕیپۆزیتۆرییە لۆکاڵەکە.

بۆ ئەپڵۆدکردنی کۆمیتەکانت:

١.سەرەتا کۆمیتێک لە ڕیپۆزتۆری second-repo بکە
٢. دواتر بڕۆ Repository > Push.
٣. ئێستا بڕۆ ڕیپۆزیتۆرییەکە لە وێبسایتی گیتهەب بکەوە، دەبینین کۆمیتە ناردراوە بۆ Origin.

تێبینی: کە گۆڕانکارییەکانت کۆمیت دەکەیت، تەنها لەسەر ڕیپۆزیتۆرییە لۆکاڵەکەی خۆتە. تا تۆ کۆمیتەکانت Push نەکەیت، هیچیان ئەپلۆد ناکرێن بۆ سەر سێرڤەر (Origin) و ئەندامانی دیکەی تیمەکەت کۆمیتەکانیان بۆ ناچێت.

تێبینی ٢: ئەگەر بە گرووپ کارت لەسەر پڕۆژەیەک کرد، بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبی، پێش ئەوەی کۆمیتەکانی خۆت Push بکەیت، گۆڕانکارییەکانی سێرڤەر Pull بکە، لەبەر ئەوەی لەوانەیە یەکێک لە هاوکارەکانت هەندێک شتی نوێی Push کردبێت.

لە وتاری داهاتوو باسی کارکردنی بە هەرەوەزی دەکەین لەسەر پڕۆژەکانمان.

محمد یاسین

ژمارەی بابەتەکان: 21

قوتابی بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *