background

بەکارهێنانی گیت (Git) و گیتهەب (GitHub): بەشی یەکەم

هاوپۆل: گشتی  ژ.بابەت : 1620  بەروار : حوزه‌یران 5, 2017
git, github, open source, vcs
QR Code For:  بەکارهێنانی گیت (Git) و گیتهەب (GitHub): بەشی یەکەم

ئەو وتارە بەشێکە لە زنجیرە وتارێک دەربارەی بەکارهێنانی گیت و گیتهەب. لەو بەشەیاندا باسێکی گشتی گیت و گیتهەب دەکەین و کار و جیاوازییەکانیان دەخەینە ڕوو دواتریش یەکەم ڕیپۆزیتۆریمان درووست دەکەین.

بەشەکانی دیکەی ئەو زنجیرە وتارە:

لە کاتی درووستکردنی پڕۆژەدا، بۆ نموونە درووستکردنی بەرنامەیەک یان وێبسایتێک، چەندین فایل درووست دەکەین و هەر یەک لەو فایلانەش لە ماوەی پەرەپێدانی پڕۆژەکەدا چەندین جار دەگۆڕدرێن. زۆر جار هەڵەیەکی گەورە دەکەین و دەمانەوێ چەند قۆناغێک بگەڕێینەوە پێشتر. یانیش زۆر جار داتایەکانمان هەموو لە دەست دەچێت بەهۆی سڕینەوەی بە هەڵە یانیش تێکچوونی هارد دیسک و چەندین ڕووداوی دیکە. بۆیە زۆر جار باکەپ هەڵدەگرین، بەڵام پاشی ماوەیەک دەبینین چەندین باکەپمان درووستکردووە و ناشزانین جیاوازی نێوان هەر یەکەیان چییە.

ئەی ئەگەر ویستمان بە گروپ کار لەسەر پڕۆژەیەک بکەین؟ یەکێک لەو ڕێگایانەی کە بەکاردێ ئەوەیە کە هەموو ئەندامانی گرووپەکە ئەو فایلانەی کە گۆڕدراون بۆ یەکتری بنێرن. بەڵام ئەو ڕێگایە کێشە و ناڕێکی گەورەی بە دواوەیە. یانیش زۆر جار گووگڵ درایڤ، یان خزمەتگوزارییەکی هاوشێوە، بەکاردەهێندرێ بۆ شێرکردنی باکەپ و فایلەکان. بەڵام ئەوەشیان کێشەی ئەوەمان بۆ چارەسەر ناکات کە بزانین وەشانە جیاوازەکانی فایلەکان چییان تێدا گۆڕاوە و کێ گۆڕانکارییەکانی کردووە.

باشترین ڕێگا بۆ درووستکردنی پڕۆژە، بە تەنیا یان بە گرووپ، بەکارهێنانی Version Control System ـە. کاری ئەو سیستەمانە ئەوەیە کە ئەو گۆڕانکارییان تۆمار بکەن کە بەسەر فایلێک یان چەند فایلێک دادێت و بە هۆیانەوە دەتوانی تەواوی مێژووی هەر یەک لە فایلەکان ببینی. واتە وەکو باکەپ سیستەمێکی پێشکەوتووە. زۆر جۆر لەو سیستەمانە هەن. بەڵام ئێمە لێرەدا باسی Git دەکەین.

گیت ڤێرژن کۆنترۆڵ سیستەمێکی دابەشکراوی سەرچاوەکراوەیە. کە لەلایەن ڵاینەس تۆرڤاڵدس، دامەزرێنەری ڵینیکس، درووستکراوە. لە ئێستادا زۆربەی پڕۆژە سەرچاوەکراوە و  سەرچاوە داخراوەکان بەکاری دەهێنن. تەنانەت تیمی ویندۆزیش لەم دواییانە دەستیان بە بەکارهێنانی گیت کرد. بە تەنها، گیت نە پێویستی بە ئینتەرنێتە و نە سێرڤەر، دەتوانی ڕیپۆزیتۆرییەکی گیت لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆت دابنێیت و بەکاری بهێنی.

ئێستا کە باسی گیتمان کرد، کاتی ئەوەیە باسی گیتهەبیش بکەین. گیت ئامرازێکە بۆ تۆمارکردی مێژووی پڕۆژە. بەڵام گیتهەب خزمەتگوزارییەکە بۆ هۆستکردنی ڕیپۆزیتۆری گیت و دابینکردنی هۆکارەکانی هەرەوەزی و کارکردنی بە گرووپ. زۆر خزمەتگوزاری دیکەی هاوشێوەی گیتهەب هەن، وەک: GitBucket، Visual Studio Team Services و چەندانی دیکە. بەڵام گیتهەب بەناوبانگترینە بۆ پڕۆژەی سەرچاوەکراوە و پڕۆژەی سەرچاوە داخراویشی لەسەر هۆست دەکرێت. بۆیە گرینگە بزانین ئەوەیە کە گیت و گیتهەب سەربەخۆن و هەمان شت نین.

زۆر باشە. بۆ دەستپێکردن بە بەکارهێنانی گیتهەب، پێشی هەموو شتێک دەبێت بچین هەژمارێک درووستبکەین. بڕۆ سایتی سەرەکی و زانیارییەکانت داخڵ بکە. ئێستا با یەکەم ڕیپۆزیتۆری خۆمان درووست بکەین. ڕیپۆزیتۆری چییە؟ ڕیپۆزیتۆری (Repository) یان ڕیپۆ فایلەکان و مێژووی پڕۆژەکەتی تێدا هەڵدەگیرێ. هەر پڕۆژەیەک و ڕیپۆزیتۆرییەکی خۆی بۆ درووست دەکرێت.

بۆ درووستکردنی ڕیپۆزیتۆرییەک لە گیتهەب، ئەو هەنگاوانە جێبەجێ بکە:

١. لەسەرەوە لای دەستەڕاست، کلیک لەسەر ئایکۆنی “+” بکە و “New Repository” هەڵبژێرە.

٢. ناوێکی کورت و خۆش بۆ ڕیپۆزیتۆرییەکەت هەڵبژێرە، بۆ نموونە: hello-world
٣. لە Description یش، باسێکی کورتی ڕیپۆزیتۆرییەکەت بنووسە. بۆ نموونە: My Firsrt GitHub Repository
٤. سەحێک لە  “Initialize this repo with a read me” بدە
٥. کلیک لەسەر “Create Repository” بکە.

یەکەم کۆمیت

کە گۆڕانکاریت لە فاییلێک یان چەند فاییلێک کرد و ویستت گیت گۆڕانکارییەکان تۆمار بکات، ئەو ئەو گۆڕانکارییانە کۆمیت (Commit) دەکەیت. زوو زوو گۆڕانکارییەکان کۆمیت بکە و با کۆمیتەکانت بچووک بن؛ هەڵەیەکت چاککردەوە، یان تایبەتمەندییەکت زیادکرد ئەوا ڕاستەوخۆ کۆمیتی بکە. بەو شێوەیە ئەگەر هەڵەیەکت کرد، بە ئاسانی دەتوانی ئەو کۆمیتە پێچەوانە بکەیتەوە (Undo) یانیش هەر بەتەواوی بیسڕیتەوە و کاریگەری ناکاتە کارەکانی دیکەت.

زۆرباشە، ئێستا دەچین دەستکاری README.md دەکەین بۆ ئەوەی کەمێک باسی پڕۆژەکەمان بکەین:

١. لە تابی “Code”، لە لیستی فایلەکانی ڕیپۆزیتۆرییەکەت کلیک لەسەر “README.md” بکە.

٢. لەلای سەرەوە دەستەڕاست، کلیک لەسەر ئاکۆنی “Edit” بکە

٣. لە تابی “Edit” هەر شتێک بنووسە کە پێتخۆشە، دەتوانی ناوی خۆت بنووسی.

٤. لە تابی “Preview” سەیری گۆڕانکارییەکانت بکە، دەبینی ئەو هێڵەی کە زیادمان کرد بە سەوزی دیاری کراوە.
٥. لە “Commit Message” باسی گۆڕانکارییەکەت بکە بە کورتی، چیت گۆڕییەوە و بۆچی گۆڕیت.
٦. “Commit changes” داگرە

ئێستا دەبینین فایلی README.md گۆڕاوە و گۆڕانکارییەکەشت تۆمارکرا، پیرۆزە! ئێستا تۆ یەکەم ڕیپۆزیتۆری خۆت درووستکرد و کۆمیتێکیشت کرد. تێبینی بکە هەر شتێک لە README.md بنووسیت، لە پەڕەی سەرەکی ڕیپۆزیتۆرییەکەت بە دیار دەکەوێت. عادەتەن لە README.md بە پوختی باسی پڕۆژەکەت دەکەیت، بۆ ئەوەی خەڵکانی دیکە بزانن دەربارەی چییە و چۆن بتوانن بەشداربن لەگەڵت.

بیرتە وتمان گیت مێژووی هەموو فایلەکان هەڵدەگرێت؟ ئێستا با بچین سەیری گۆڕانکارییەکانی README.md بکەین:

٧. کلیک لەسەر “History” بکە

٨. کلیک لەسەر یەکێک لە کۆمیتەکان بکە بۆ بینینی گۆڕانکارییەکان

٩. کلیک لەسەر “Display the rich diff” بکە. ئێستا دەبینین ئەو گۆڕانکارییانەمان پێ نیشان دەداتەوە کە پێشتر کردمان. هەر لەبەر ئەوەش بەکارهێنانی VCS ێکی وەکو گیت زۆر کار ئاسانیمان بۆ دەکات. دەبینین لێرە هەموو زانیارییەکانی دەربارەکەی کۆمیتەکە تێدایە: کێ گۆڕانکارییەکانی کردووە، چی گۆڕیوە و کەی گۆڕیویەتی.

عادەتەن ڕاستەوخۆ لەسەر وێبسایتی گیتهەب دەستکاری فایلەکان ناکەین، لە بڕی ئەوە بەرنامەی گیتهەب لەسەر کۆمپیوتەرەکەمان دادەنێین و ئیدی دەتوانین بە دەرهێڵیش کاربکەین و دواتر کارەکانمان ئەپڵۆدبکەینەوە بۆ سێرڤەر. لە وتاری دابێ پشتیوان بەخوا باسی ئەوە دەکەین چۆن گیت لەسەر کۆمپیوتەرەکانمان دابنێین و بەکاری بهێنین. ئەگەر هەر بەشێکی وتارەکە ناڕوون بوو یانیش پرسیارێکت هەبوو، ئەوا لە کۆمێنت بۆمی بنووسە، تاوەکو بتوانین باشتری بکەین.

محمد یاسین

ژمارەی بابەتەکان: 21

قوتابی بەشی ئەندازیاریی سیستەمی زانیاری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

  • بۆچوونەکان

    نووسینی وەڵام

    پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *